ڕەحیم عەزیزی لەلایەن دادگای ئینقلابی کرماشانەوە بە زیندان مەحکووم کرا

11:26 - 8 رێبەندان 2722

ڕەحیم عەزیزی تەمەن ٤٦ ساڵ کوڕی عەلی خەڵکی گوندی "بیاشۆش" سەر بە شاری جوانڕۆ، لەلایەن لقی ٤ی دادگای ئینقلابی کرماشان، بە چوار مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگا ئەو هاووڵاتییەی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تۆمەتبار کردووە و ئەو حوکمەش ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕێبەندان بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

ڕەحیم عەزیزی لە ڕێکەوتی ٢٧ی بەفرانبار بەبێ دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەری دیاریکراو، لەلایەن لقی ٤ی دادگای ئینقلابی کرماشانەوە، دادگایی کرابوو.

ڕەحیم عەزیزی ڕۆژی دووشەممە ١٤ی سەرماوەز بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەری لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان، بە دانانی کەفاڵەت بە شێوەی کاتی، ئازاد کرابوو.