گەلاوێژ ئەحمەدی وێنەگر و بەڕێوەبەری وێنەگریی "ئەژین" لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە تۆمەتەکانی پێ ڕاگەیەندرا

11:20 - 8 رێبەندان 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕێبەندان، گەلاوێژ ئەحمەدی، چالاکی مەدەنی، وێنەگر و بەڕێوەبەری وێنەگریی "ئەژین"، لەلایەن لقی ٢ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە، تۆمەتەکانی پێ ڕاگەیەندرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لقی ٢ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "فاریابی"، ئەو وێنەگرەی بە "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی"، "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست" و "پەیوەندیگرتن لەگەڵ میدیاکانی دژبەر" تۆمەتبار کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕێبەندان، کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا، ڕژابوونە وێنەگریی "ئەژین" لە شاری سنە و هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنین و زیان گەیاندن بە کەرەستەکانی ئەو ئاتۆلیەیە، بە شێوەی زۆر نەشیاو دەستیان بە بێڕێزی بە گەلاوێژ ئەحمەدی و فەرمانبەرانی ئەو ئاتلیەیە کردبوو.

هەروەها هێزەکانی سپای پاسداران دەستیان بە سەر مۆبایلەکەی گەلاوێژ ئەحمەدی، کامپیوتێر و هاردەکانی ئەو وێنەگردا، گرتبووە و لەگەڵ خۆیان بردبوویان.

گەلاوێژ ئەحمەدی لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە، ناڕەزایەتیی لەمەڕ پشکنینی وێنەگریەکەی کردبوو کە بەرپرسی ئەو لقە پێی ڕاگەیاندبوو کە حوکمی پشکنینی وێنەگریی "ئەژین" لەلایەن ئەو لقە دەکراوە.

لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەمە بۆ دووهەمین جارە کە ڕژابوونە وێنەگریی ئەژین و هەوڵی تێکدانی کەرەستەکانی ئەو وێنەگریەیان دابوو.