جوانڕۆ؛ بورهان ئەلیاسی بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان کوژرا

17:43 - 10 بەفرانبار 2722

ئەمڕۆ شەممە ١٠ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی خۆپیشاندەر بە ناوی "بورهان ئەلیاسی" کوڕی یاسین لە ڕەوتی خۆپیشاندانی جوانڕۆ، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە خۆپیشاندەرە تەمەن ٢٢ ساڵەیە بە گوللــەی جەنگی لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان گیانی لەدەست داوە و ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی تەرمەکەی بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر لە گوڕستانی "حەسەن گایر"ی جوانڕۆ، بەڕێوەچووە.

 زیاتر لە ١٠ هاووڵاتی و بەتایبەت مێرمنداڵێک لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی جوانڕۆ، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندار بوون و نەخۆشخانەی ئەو شارە پێویستی بە خوێن هەیە.

ئەمڕۆ شەممە ١٠ی بەفرانبار، هاوکات لەگەڵ چلەی ٧ کەس لە گیانلەدەستداونی خۆپیشاندانی جوانڕۆ، هێزە سەرکوتکەرەکان گەمارۆی گۆڕستانی ئەو شارەیان دابوو و پێشیان بە بەڕێوەچوونی چلەی ئەو گیانلەدەستداوانە، گرتبوو.

‌هێزە سەرکوتکەرەکان بە گوللــەی ساچمەیی و جەنگی و گازی فرمێسک‌ڕێژ، تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و خۆپیشاندەران بە دروشمی وەک "مەرگ بەر دیکتاتۆر" و"مەرگ بەر خامنەیی"، ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو.

پاش ڕێگریکردن لە ڕێوڕەسمی چلەی ٧ خۆپیشاندەری گیانلەدەستداوی جوانڕۆ، خۆپیشاندەران ڕژانە سەر شەقانەکان، کە هێزە سەرکوتکەرەکان بە گولــلەی جەنگی تەقەیان لەو هاووڵاتییە ناڕازییانە، کردبوو.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، شەقامەکانی جوانڕۆ شوێنی پێکدادانی هاووڵاتییانی خۆپیشاندەر ‌و هێزە سەرکوتکەرەکانە.

لە ڕەوتی خۆپیشاندانی شاری جوانڕۆ لە ڕێکەوتی ٢٩ و ٣٠ خەزەڵوەر، ٧ هاووڵاتیی بە ناوەکانی عیرفان کاکایی، بەهادین وەیسی، جەوهەر فەتاحی، جەماڵ ئەعزەمی، تەحسین میری، ئیسماعیل گوڵعەنبەر و مەسعوود تەیمووری، بەهۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانیان لەدەست دابوو.