باوکی سارینا ساعدی: خوێنی کچەکەم نافرۆشم

12:06 - 10 بەفرانبار 2722

باوکی سارینا ساعدی لە پۆستێکدا کە لە ئینستاگرامەکەی بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بە بڵاوکردنەوەی فیلمی دانپێدانانی زۆرەملێ، شکاندنی کچەکەی و گوشار بۆ فرۆشی کچەکەی کردووە.

هاشم ساعدی لەو پۆستەدا، کە ڕۆژی پێجشەممە ٨ی بەفرانبار بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت: فەرمانداری سنە لەو گرتە ڤیدیۆییەدا، وتی هۆکاری گیانلەدەستدانی سارینا بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بووە، بەڵام لە گەواهیی فەوتەکەیدا هۆکاری گیانلەدەستدانی ناڕوون نووسراوە.

 ئەو هەروەها دەڵێت: "ئێوە دەتانەوێ ناوی کچەکم بڕزێنن و یاری بە ئابڕووی خەڵک بکەن".

وێنەیەک لە گەواهیی گیانلەدەستدانی سارینا ساعدی لەلایەن سەرچاوەیەکی باوەرپێکراوەوە بە  کوردپا گەیشتووە و لەوێدا، هۆکاری گیانلەدەستدانی ناڕوون نووسراوە.

هاشم ساعدی لەو پۆستەدا، ئاماژە بەوە دەکات، کە بە زۆری فیلمیان لێ وەرگرتووە و بڵاویان کردوەتەوە، دەڵێت: "ئەو گرتە ڤیدیۆییە نەبووە هۆی فڕیوخواردنی خەڵک".

باوکی سارینا ساعدی لە کۆتاییدا، ئاماژە بەوە دەکات کە پێشنیارگەلێک لەلایەن حیراسەتی قوتابخانە بۆ وەرگرتنی پارە بەوان دراوە و دەڵێت: "خوێنی کچەکەم نافرۆشم".

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەر، کچێکی مێرمنداڵ بە ناوی "سارینا ساعدی" تەمەن ١٦ ساڵ کچی هاشم، کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا بەهۆی لێدان و ئازار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکان، بە سەختی بریندار کرابوو، پاش ڕۆژێک خەواندن لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

بنەماڵەی گیانلەدەستداوان لە ماوەی ڕاپەرینی سەرتاسەری لەژێر گوشاری توندی ناوەندە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکان بۆ ناونووسکردنی منداڵەکانیان لە بونیادی شەهید و وەرگرتنی پارە بوون، کە بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، تەواوی بنەماڵەکان لەگەڵ ئەو داواکارییەکە دژایەتییان کردبوو.