ساسان چەمەن‌ئارا بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

11:57 - 10 بەفرانبار 2722

ساسان چەمەن‌ئارا، هونەرمەندی کورد خەڵکی ئیلام، لەلایەن لقی ٢٩ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەیدعەلی مەزڵوومی"، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هونەرمەندە تەمەن ٣٣ ساڵەیە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ساسان چەمەن‌ئارا لە ماوەی دەسبەسەرکرانی لە گرتنی پارێزەری دیاریکراو بێبەری کراوە و تەنیا لە کاتی ئامادەبوون لە دادگا، دەستپێڕاگەیشتنی بە پارێزەری هەبووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: پارێزەری ئەو هونەرمەندە کوردە پێش لە کۆبوونەوەی دادگا، تەنیا جارێک دەستی بە دۆسییەی بریگرتەکەی گەیشتووە و لە کۆبوونەوەی دادگا هەل و دەرفەتی دادکۆکیی نەبووە و پاش داسەپاندنی ئەو حوکمەش دیسان دەستی بە دۆسییەی بریگرتەکەی نەگەیشتووە.

ساسان چەمەن‌ئارا لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەر، بەهۆی بەشداری لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ لە گرتنگەی "یەکی ئەلف"ی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا و ١٨ ڕۆژ لە بەندی "٢٠٩ی زیندانی ئێڤین"، کە تایبەتە بە وەزارەتی ئیتلاعات، لە دەسبەسەریدا بووە.

ئەو هەنەرمەندە لەماوەی دەسبەسەربوونیدا لەگەڵ ئازار و هەڵسوکەوتی نەشیاوی هێزە ئەمنییەتییەکان بەرەوڕوو بووەتەوە و پاش مانگێک لە دەسبەسەربوون تەنیا جارێک بۆ ماوەی ١ خولەک لەگەڵ بنەماڵەکەی قسەی کردووە.

ساسان چەمەن‌ئارا پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی گەورەی تاران کراوە و بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لەمەڕ دۆخی ڕاگیران و دەستپێڕانەگەیشتن بە دەواو و دەرمان، دەستی دابووە مانگرتن.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە لە کۆتاییدا، لە پەیوەندی لەگەڵەستپێڕاگەیشتن بە ئیمکاناتی پێویستی زیندان، کەرەستەی سارد و گەرم کەرەوەی باش، ئاوی گەرم و سارد، حەمام، تەختی خەو، کتیبخانە و هۆڵی وەرزشی بە کوردپای ڕاگەیاند: دەستپێڕگەیشتن بە ئیمکانات زۆر کەمە، بە تایبەتی کەرەستەی گەرم و ساردکەرەوەی باش، ئاوی سارد و گەرم، حەمام کێشەی هەیە، تەنیا لە حەوتوودا، ٣ ڕۆژ ئاوی گەرم هەیە، بەڵام گرینگتر لە هەموو ئەمانە، پێڕانەگەیشتنی بێهداشتی و دەواو و دەرمان و ڕێگریی توند لە هەناردنی دەرمان لەلایەن بنەماڵەی زیندانییان، بۆ زیندانییەکان هەیە.