2 هاووڵاتیی کورد لە شاری پاوە دەستبەسەر كران

21:19 - 12 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران ٢ هاووڵاتیی خەڵکی شاری \"پاوە\"یان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا،رێكەوتی 11ی سەرماوەزی 1391ی هەتاوی هێزە ئێتلاعاتییەكانی حکوومەتی ئێسلامی ئێران ٢ هاووڵاتیی خەڵکی شاری پاوە بە ناوەکانی \"لایەق مستەفایی‌\" تەمەن 31 ساڵ و \"عومەر مستەفایی\" تەمەن 21 ساڵ لە ماڵەکەی خۆیاندا دەستبەسەر و لەگەڵ خۆیاندا بردوویانن.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا ئەو هێزانە دەستیان بەسەر چەندین بەڵگە و سەنەدی زەوی و مڵک و هەروەها کەیسی کۆمپیەتێرەکەشیاندا گرتووە.

هەتا ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی راگیرانی ئەو دوو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا لە ماوەی ٤٠ رۆژی رابردووەودا ٣٠ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەبەسەر کراون.