10 كورتە فیلمی فیلمسازەكانی كوردستان لە سنە نمایش دەكرێن

14:34 - 13 بەفرانبار 2711
كوردپا: 10 كورتە فیلمە بەرهەمی فیلم سازەكانی كوردستان لە شاری سنە نمایش و تاوتوێ‌دەكرێن.

لێپرسراوی ناوەندی هونەری پارێزگای كوردستان رایگەیاند، ئەو دە فیلمە بە هاوكاریی و بەشداریی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی پارێزگای كوردستان و ئەنجوومەنی سینەمای جەوانان رۆژی چوارشەممە 14ی بەفرانبار لە هوڵی فەرهەنگی و هونەری فەجری سنە نمایش دەكرێت.

ئەمین موردای بە هەواڵدەریی \"میهر\"ی راگەیاندووە، ئەو فیلمانەی بڕیارە نمایش بكرێن بڕیتین لە: دەنگی باران لە نوسین و دەرهێنانی جەلال ساعێد پەنا، فیلمی پاچاڵ لە نووسین و دەرهێنانی پەرویز رۆستەمی، فیلم\"ارتفاع امید\" لە دەرهێنانی كەیوان مەجیدی، فیلمی\"هیما\" لە دەرهێنانی توفیق ئەمانی و فیلمی\"كاتی بێ‌دەنگی\" لە نووسین و دەرهێنانی عوسمان محەممەدی.

ئەو لێپرسراوە وتیشی ژمارەیەك فیلمی دیكە كە بەرهەمی ناوەندی هونەری پارێزگای كوردستانن وەكوو، سێبەرەكان لە دوایین خاترەی روووباردا، سەفەری سارد، \"دایرە شاد رەنجها\" و هەنار میوەی بەهشتە لەو فیلمانن كە لە فێستیڤاڵەكانی دەرەوەی پارێزگای كوردستاندا نمایش كراون ولە هۆلی فەجری سنە تاوتوێ‌دەكرێن.

بەوتەی مورادی، لە كۆتایی نمایش كردنی فیلمەكان كۆبوونەوەیەك بە مەبەستی تاوتوێ‌كردنی ئەو بەرهەمانە بۆ ژمارەیەك مامۆستای زانكۆ پێك دەهێنرێت.