10 هاووڵاتیی نەوسوودی بە زیندانی و سزای نەغدی حوكم دران

19:00 - 24 سەرماوەز 2711
كوردپا: دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران 10 هاووڵاتیی نەوسوودی بە حەبس و سزای نەغدی مەحكووم كرد.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە پاوە، ئەو 10 هاووڵاتییەی كە بە ئیعتراز بە كوژرانی هاووڵاتێكی شاری نەوسوود لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەركرابوون، لەلایەن دەزگای قەزاییەوە بە زیندانی كردن حوكم دران.
ناوی حوكم دراوەكان بەو شێوەیەی خوارەوەیە:

ـ بەختیار خەندانی كوڕی محەممەد، حوكمی 11 مانگ زیندانیی و سێمیلیۆن و 200 هەزار تمەن سزای نەغدی.
ـ موختار خەندانی كوڕی محەممەد، 6 مانگ و چوار رۆژ زیندانیی و 300 هەزار تمەن سزای نەغدی.
ـ شاهروخ خەندانی كوڕی محەممەد، 3 مانگ و دوو رۆژ زیندانی و 400 هەزار تمەن سزای نەغدی.
ـ حشمەت رەزایی كوڕی نعمەت، 7 مانگ زیندانیی و 400 هەزار تمەن سزای نەغدی.
ـ ئەفشین رەئووفی كوڕی ئەمین، 3 مانگ و دوو رۆژ زیندانی و 300 هەزار تمەن سزای نەغدی.
ـ هێرش عوسمانی، كوڕی تەها ـ ئەنسار و ئەفشار شاوەیسی، كوڕی میر ئەحمەد ـ سوبحان رەحیمی، كوڕی جەماڵ و ماكوان كەیخوسرەوی، كوڕی ئەحمەد هەر كامەیان بە 400 هەزار تمەن سزای نەغدی حوكم دراون.

ئەو دە لاوە نەوسوودییە بە تاوانی بەشداری لە ئیعتراز بە كوژرانی هاووڵاتییەكی ئەو شارە بە ناوی \"پوورمەند مەدحەت نیا\" لەلایەن هێزە ئینتزامییەكان دەستبەسەر و دواتریش دادگایی كران.
لەو خۆپیشاندانانەدا لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەكان چوار هاووڵاتیی بریندار بوون و ژمارەیەكی بەرچاویش دەستبەسەركران.

دوابەدوای دەستبەسەركردنی هاووڵاتیانی نەسوودی، هێز ئینتزامییەكان سەری چەند كەسیان تاشی و خستیانە بەر بیر ورای و چاوی گشتی لە شاری پاوە.

ئەو كردەوە نایاساییەی نیزامیانی نەوسوود كە پێشێل كردنی ئاشكرای مافی مرۆڤ بوو، تووِەیی زیاتری هاووڵاتیانی لێكەوتەوە.

پوورمەند مەدحەت نیا رۆژی 2‎ی خاكەلێوەی ئەمساڵ، لەلایەن كەسێك بەناوی \"جاوید\" فەرماندەی هەنگی مەرزی نەوسوودەوە گیانی لێئەستێنرا و دواتر ئەو فەرماندەیە بێلێپرسینەوە ئازاد كرا.

ئەو نیزامیانەی كە تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردووە، ئەوانیش ئازاد كراون.