ئەڵبۆمی \"شارۆ\" و \"سەفەری نەرمە نایە\" گێڕانەوەیەک لە مۆسیقای فۆلکلۆری کوردستان

14:38 - 9 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو بەرهەمی مۆسیقای رەسەنی کوردی بەرهەمی هونەرمەندانی ناسراوی کورد، لە ناوچەکانی موکریان و هەورامان بڵاو دەکرێنەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تۆمار کردنی ئەڵبۆمێکی مۆسیقایی ناوچەی موکریان بە نایەی عوسمان محەمەدی ناسراو بە عوسمانە سوور، دەستی پێکردووە.

\"سەفەری نەرمە نایە\"، لەلایەن عوسمانە سوورەوە بۆ سەردەمە جیاجیاکانی مۆسیقای ئایینی، حیماسی، عارفانە و مۆسیقای شادی کوردستان لەو ئەڵبۆمەدا و لە قاڵبی بەرهەمی کلاسیکی مۆدێڕندا دەگێڕدرێتەوە.

ئەو ئەڵبۆمە، کە سمکۆ فەیزی، کاری ئاهەنگسازی و تەنزیمەکەی لە ئەستۆ بووە، لە چەند پارچە بەیتی وەک؛ لەشکری، سوارۆ، هاوارە بەرە، سەیدەوان، گەلۆ، چەپی و گۆرانییەکانی وەک هەردان، هەروایە، کاروانە، سێوە لاسوورە، ئێران خۆشە گەرمێن و بارانە لەخۆ دەگرێت.

سەفەری نەرمە نەی لە ٨ تراک و بە شێوەی مۆسیقای بێ گۆرانی و بە پێکهاتەی مۆسیقای کوردستانەوە لە ستۆدیۆی \"سەدەف موزیک\"ی بۆکان بەرهەم دێت و مەنسوور جیهانی، لێکۆڵەری مۆسیقا وەکوو راوێژکاری هونەری و بەشی راگەیاندن لەوێ ئامادەیە.

مامۆستا عوسمانە سوور ساڵی ١٣١٩ لە گوندی قەرەکەندی سەربە شاری بۆکان لەدایک بووەو هەنووکە لە شاری بۆکان نیشتەجێیە.

عوسمان محەمەدی لە دوو ئەڵبۆمی (گوڵێ) و (هەژان)دا، ئامێری نەرمە نایەی ژەنیوەو لە زۆربەی کۆڕە هونەرییەکاندا ریزی لێگیراوە.

\"21202.jpg\"
هەروەها بەپێی هەواڵی گەیشتوو لەناوچەی هەورامانەوە، بەرهەمی هونەریی \"شارۆ\" بە گۆرانیبێژیی \"عوسمان هەورامی\"، لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا بڵاو دەکرێتەوە.

ئەو بەرهەمە هونەرییە لە ٩ گۆرانیی بە زاراوەی هەورامی پێکهاتووە، کە نزیک بە نیو سەدە پێش ئێستا لەلایەن مامۆستا عوسمان هەورامی و حەمە حوسێن کێمنەیی، دوو سیمای ناسراوی بورای مۆسیقای ناوچەی هەورامانەوە گوتراون.

\"21203.jpg\"
حەمە حوسێن کێمنەیی لە تەمەنی ٩٨ ساڵیدا لەسەر چڕینی سیاچەمانە بەردەوامە
زەکەریا یووسفی کە کاری تەنزیم و ئیجرای شارۆی لە ئەستۆیە؛ دەڵێت: لەم بەرهەمەدا هەوڵ دراوە کەڵک لە هەموو ئامێرەکانی وەکوو زەرب، تەپڵ و دەهۆڵ وەر بگیردرێت.

مامۆستا عوسمان هەورامی، ساڵی ١٣١٤ لە گوندی \"کێمنە\"ی سەربە شارستانی پاوە لەدایک بووەو لە تەمەنی هونەریی خۆیدا زیاتر لە ٧٠٠ گۆرانیی کوردی تۆمار کردووە.

عوسمان هەورامی بەهۆی شارەزایی لە چڕینی سیاچەمانەدا ناوبانگی دەرکردووە.