ئەگەری ئیعدام کردنی چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئیلام

16:20 - 8 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: چوار هاووڵاتییە خەڵکی شاری ئیلام لەگەڵ مەترسی لە سێدارەدان بەرەوڕوون.


بەپێی هەواڵە بڵاو کراوەکان، بەرپرسی گشتی دۆزگەری پارێزگای ئیلام ، باسی لە ئێعدام کردنی چوار هاووڵاتی خەڵکی ئەو شارە بەم نزیکانە کرد.

هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیسنا\" لە زاری محەممەد ڕەزم بڵاوی کردەوە، چوار کەس لە پارێزگای ئیلام بە تۆمەتی عەنف و دەستدرێژی بۆ سەر نامووسی خەڵک لە ڕۆژانی داهاتوودا لە سێدارە دەدەرێن.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها ڕایگەیاند: حوکمی ئێعدام کردنی ئەو چوار کەسە لە لایەن دادگوستەریەوە دراوە و ئەو حوکمە لە پێش چاوی بیروڕای گشتی بەڕێوە دەچێت.

هەرچەندە ئەو هەواڵدەرییە حکوومەتییە شوناسی ئەو چوار هاووڵاتییەی بڵاو نەکردووتەوە، بەڵام ڕایگەیاندووە ئەو چوار کەسە بە تۆمەتی عەنف و دەستدرێژی بۆ سەر نامووسی خەڵک ئەو حوکمەیان بۆ دەرچووە.

محەممەد رەزم، ئێعدام کردنی ئەو هاووڵاتییانە لە پێش چاوی خەڵکی، وەکوو وانەیەک ناوبرد بۆ ئەو کەسانە کە ئەمنیەت و ئاسایشی خەڵکی دەخەنە مەترسییەوە.

ئێعدام لە شوێنی گشتی لە پێش چاوی خەڵک یەکێک لە سەرەکییترین حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤە لە ئێراندا، کە لە دوایین بڕیارنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران ئاماژەی پێکراوە.

سەرەڕای رەخنەی توندی کەسایەتییەکان، ڕێکخراو و ناوەندەکانی چالاکی مافی مرۆڤی دژبەری ئێعدام، قوەی قەزاییە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تەنیا لە مانگی ژانوویەی ساڵی ٢٠١٧، حوکمی ئێعدامی ٦ هاووڵاتیی لە شارە جیاوازەکانی ئێران لە شوێنی گشتی بەڕێوە بردووە.