ئەگەری مەحکووم کرانی پارێزەرێکی کورد بە حوکمی قورس

14:58 - 23 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: پارێزەرێکی کوردی خەڵکی شاری ورمێ، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، بە هاوکاریکاریی حیزبە کوردییەکان، تۆمەتبار کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ مەسعوود شەمس نژاد رۆژی پێنج‌شەممەی حەفتەی رابردوو لەلایەن، دادیاری لقی ٩ی دادگای ئینقلابی شاری \"ورمێ\"ـوە، تۆمەتی تەبلیغات دژی نیزام لە رێگەی میدیا کوردییەکانی دەرەوەی وڵات و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی‌پێ راگەیاندراوە.

\"19269.jpg\"
مەسعوود شەمس نژاد، پارێزەری کورد
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پەروەندەی ئەو پارێزەرە کوردە رەوانەی لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ کراوە و پێدەچێت لە ماوەی داهاتوودا حوکمی قورسی بۆ ببڕدرێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ مەسعوود شەمس نژاد بەهۆی بە ئەستۆ گرتنی پارێزەریی پەروەندەی زیندانیانی سیاسیی سەربە حیزبە کوردییەکان، تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی‌دا دراوەتە پاڵ.

مەسعوود شەمس‌نژاد لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پارێزەریی پەروەندەی کۆمەڵێک زیندانیی سیاسی و زیندانیانی سیاسیی مەحکووم بە سێدارەی وەکوو حبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور، عەلی ئەفشاری و حەبیبوڵڵا ئەفشاریی بە ئەستۆ گرتبوو، کە رێکەوتی ٢٠ مانگی رەشەمەی ساڵی ٩٢ لە کاتێکدا ویستبووی، پاریزەریی پەروەندەی شەیدا حاتەمی کچە خوێندکاری زانکۆی نازلوو بە ئەستۆ بگرێ، مۆڵەتی پارێزەرییەکەی هەڵپەسێردرابوو.

دوابەدوای هەڵپەسێرانی مۆڵەتی پارێزەریی مەسعوود شەمس‌نژاد،  سەندیکای پارێزەرانی کوردستان – لقی هەولێر لە بەیاننامەیەکدا بڕیاری هەڵپەساردنی مۆڵەتی پارێزەریی \"مەسعوود شەمس‌نژاد\"ی لەلایەن دادستانی ورمێ‌وە مەحکووم کرد و بە پێچەوانەی یاسای پارێزەریەتی لە قەڵەمی دا.

مەسعوود شەمس‌نژاد رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراو رێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان، پاش ٣٤ رۆژ لە دەستبەسەری، بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.