ئەگەری لەسێدارەدانی ١١ زیندانیی كوردی سوننی مەزهەب لە ئێران

15:53 - 17 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: راگواستنی لەناكاوی ژمارەیەك لەچالاكانی مەزهەبی كورد بۆ بەشی بەڕێوەبردنی حوکمەکان(اجرای احکام)ی زیندانی رەجایی شاری كەرەج، نیگەرانی و ترسی لای بنەماڵەی ئەو زیندانییانە زیاتر كردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، بەرپرسانی زیندانی رەجایی شاری كەرەج كۆتاییەكانی حەفتەی رابردوو یازدە زیندانیی كوردی سوننی مەزهەبیان بۆ بەشی ئیجرای ئەحكامی زیندان راگواستووە.

راگواستنی لەناكاوی ئەو زیندانییانە، كە حوكمی لەسێدارەدانەکانیان لە دیوانی باڵای وڵات پشتراست کراوەتەوە، ترس و دڵەڕاوكێی لای بنەماڵەكانیان دروست كردووە.

ئەو زیندانییانە تاوانی ئەندامەتی لە \"گرووپە سەلەفییەكان\"یان دراوەتە پاڵ و خۆیان بنەمالەکانیشیان ئەو تۆمەتەیان رەت کردۆتەوە.

\"23070.jpg\"
جەهانگیر دیهقانی، حامید ئەحمەدی، جەمشید دیهقانی و كەماڵ مەلایی ئەو زیندانیانەن، كە بۆ بەشی بەڕێوەبردنی حوکمەکانی نێو زیندان گوازراونەتەوە.

لەو بارەیەوە زیندانییەک لە گرتووخانەی رەجایی شار لەراپۆرتێكدا كە بەدەست ئاژانسی كوردپا گەیشتووە رایگەیاندووە؛ رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە بەشی ئیجرای ئەحكام ١١ زیندانیی كورد لەگەڵ هێندێ پرسیار لەسەر تەمەن، دۆخی ژیانی بنەماڵەكانیان و هەروەها پێكهێنانی ژیان بەرەوڕوو بوونەتەوە.

ئەو زیندانییە لەدرێژەدا وتوویەتی: تۆمەتی سەلەفی بوونی ئەو هاووڵاتییانە لەراستی بە دوورە و ئێمە تەنیا لەبواری مەزهەبیدا چالاكیمان نواندووە.

ئەو هاووڵاتییە باسی لەوەش كردووە، لە بەشی ئیجرای ئەحكامدا لەگەڵ بێڕێزی و سووكایەتیكردن بەرەوڕوو بووینەوە و بەرپرسی ئەو بەشە بە ئێمەی وت:\" بەم نزیكانە لەسێدارە دەدرێن و بنەماڵەكانتان چارەڕەش دەبن\".

هەر لەو پێوەندییەدا یەكێک لە نزیكانی زیندانییەكەی مەحكووم بەسێدارە وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی بە هەواڵنێری كوردپای وتووە، ئەگەری لەسێدارەدانی رۆڵەكانمان ئێمەی تاساندووە و هەر كاتێک چاوەڕوانی هەواڵی لەسێدارەدانیانین.

ئەو هاووڵاتییە لەمەڕ بە دواداچوون بە پەروەندەی ئەو زیندانیانە ئاشكرای كرد، ئێمە سەردانی سەرجەم ناوەندە حكوومەتییەكانمان كردووە و دۆخی نامرۆیانەی ئەو زیندانییانمان بۆ باس كردوون، بەڵام هیچ هەوڵێک لەو بارەیەوە نەدراوە.

پارێزەرانی چوار كەس لەو زیندانیانە باوەڕیان وایە، بەپێی یاسای سزادانی ئیسلامی حوكمی لەسێدارەدانی ئەو چوار زیندانییە کوردە یاسایی نییە و پێویستە بە پێی مادەی ١٠ لەو یاسایە سزا بدرێن.

لەرێكەوتی ٩‌ی خەزەڵوەردا شۆرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەمەڕ دۆخی مافی مرۆڤی ئێران كۆبوونەوەی پێكهێنا و رەخنەی لە پێشێلكارییە سیستامتیكەكانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا گرت.

حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانیش لەهەوڵێكی تۆڵەسەندنەوەدا، راسپاردە و هوشدارییەكانی ئەو دانیشتنەی بۆ سەرەتاكانی خاكەلێوەی ١٣٩٤ وەدوا خست، هەوڵێك كە لەگەڵ دژكردەوەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بەرەوڕوو بوویەوە.

ئەو ناوەندە مافی مرۆڤییە رۆژی پێنجشەممە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران هیچ گۆڕانێكی بەسەردا نەهاتووە و خراپتریش بووە و راپۆرتەكانی هەیئەتی ئێرانی لەگەڵ راستیەیكانی ناو كۆمەڵگە یەك ناگرێتەوە و ناكۆكن.

سەدیق محەمەدی، هادی حوسێنی، ئومید پەیوەند، شەهرام ئەحمەدی، پوریا محەمەدی، محەمەد غەریبی، محەمەدیاوەر رەحیمی، بەهمەن رەحیمی، تاڵب مەلەكی، بێهرووز شانەزەری، كاوە وەیسی، كاوە شەریفی، فەرزاد شا نەزەری، ئیدریش نێعمەتی، لوقمان ئەمینی، ئەحمەد نەسیری، عەبدولڕەحمان سەنگانی، موختار رەحیمی و سەید جەماڵ سەید مووسەوی لبەشێک لەو زیندانییە سوننی مەزهەبانەن، كە لەلایەن دەزگا قەزاییەكانەوە بە سێدارە مەحكووم كراون.