ئەگەری لەسێدارەدانی حەبیبوڵڵا لەتیفی لەئارادایە

14:32 - 16 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: هەواڵی هەڵوەشانەوەی حوکمی لەسێدارەدانی حەبیبوڵڵا لەتیفی چالاکی سیاسیی کورد لەگرتووخانەی ناوەندی سنە لەلایەن پارێزەر و بنەماڵەکەیەوە رەت کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پارێزەری حەبیبوڵڵا لەتیفی زیندانیی سیاسیی، ئیدیعای هێندێ‌لەسەرچاوە هەواڵییەکانی لەبارەی هەڵوەشانەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراوی بە دوور لە راستی زانی و رەتی کردەوە.

\"17229.jpg\"
خوشکی حەبیبوڵڵا لەوتووێژ لەگەڵ میدیاکاندا هەواڵی هەڵوەشانەوەی حوکمی لەسێدارەدانی براکەی رەت کردۆتەوە
ساڵح نیکبەخت پارێزەری لەتیفی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، \"حوکمی لەسێدارەدانی حەبیب هەڵنەوەشاوەتەوە و ئەگەری بەڕێوەچوونی ئەو حوکمەش لەئارادایە\".

ئەو پارێزەرە داوای لە چالاکانی مافی مرۆڤ و هەروەها ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کرد کە هەوڵەکانیان بە مەبەستی پێشگری لەبەڕێوەچوونی ئەو حوکمە بخەنە گەڕ.

لەلایەکی دیکەوە خوشکی حەبیبوڵڵا لەوتووێژ لەگەڵ میدیاکاندا هەواڵی هەڵوەشانەوەی حوکمی لەسێدارەدانی براکەی رەت کردۆتەوە و راشیگەیاندووە:\" حەبیب مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەرە\".

\"17230.jpg\"
ساڵح نیکبەخت داوای لە چالاکانی مافی مرۆڤ و هەروەها ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کرد کە هەوڵەکانیان بە مەبەستی پێشگری لەبەڕێوەچوونی ئەو حوکمە بخەنە گەڕ
حەبیبوڵڵا لەتیفی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لەشاری سنە لەدایک بووە و مانگی خەزەڵوەری ٨٦ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری سنە دەستبەسەر و بۆماوەی ٤ مانگ لەگرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا بووە.

ئەو چالاکە سیاسییە پووشپەڕی ١٣٨٧ لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە تاوانی \"هەوڵدان بەدژی تەناهیی نەتەوەیی\" لەرێگەی چالاکیی خوێندکاریی ـ سیاسیی بە ئێعدام مەحکووم کرا.

چەند رۆژ لەمەوبەریش کەمپەینی بەرگریی لەزیندانیانی سیاسیی و مەدەنیی هەواڵی هەوڵوەشانەوەی حوکمی سیدارەی سێ‌زیندانیی سیاسیی کوردی بەناوەکانی حەبیبوڵڵا ئەفشاری، مەنسوور ئاروەند و عەلی ئەفشاری بڵاو کردبۆوە.