ئەگەری بڕینی دەماری کۆڵبەری سەردەشتی لە ئارادایە

13:34 - 24 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار بوو، ئەگەری بڕینی دەماری لە ئارادایە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەتای ئەم حەوتوویە، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە کوێستانی \"بریاجی\" سەر بە بەشی ناوەندی شاری سەردەشت دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی و لە ئاکامی تەقەی ئەو هێزە نیزامییانە لە کۆڵبەران، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ڕەسووڵ سەراجی\" بە سەختی بریندار دەبێت.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، کە لە نێوقەدی بە تەقەی هێزە نیزامییەکان پێکرابوو، بە هۆی سەختی برینەکەیەوە، ئەگەری بڕینی دەماری لە ئارادایە.

پزیشکانی ناوەندی دەرمانیی شاری ورمێ، لە کاتی چارەسەرکردنی ئەو کۆڵبەرە کوردە، بارودۆخی تەندروستیی ناوبراویان نالەبار ڕاگەیاندبوو.

هێزە نیزامییەکان بەتایبەت هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە بیانووی \"پێشگرتن لە شتومەکی قاچاخ\'\' بەبێ دانی هۆشداری و ڕەچاوکردنی پێشمەرجەکانی تەقەکردن، کۆڵبەرانی سەر سنوور دەکەنە ئامانج.

جێگری سیاسی و ئەمنییەتیی وەزیری ئێران، حوسێن زوڵفەقاری، لە وڵامی یەکێک لە هەواڵسازانی ئیلنا، کە لەسەر وردەکاریی کوشتنی کۆڵبەرێک لە سنوورەکانی کوردستان پرسیاری لێ کردبوو، وتوویەتی: ئێمە شتێک بە ناوی کۆڵبەرمان نییە؛ ئەم وشەیە کە کەس نازانێت لە کوێیەوە هاتووە، هەم بۆ خەڵک هەم بۆ بەرپرسان کێشەی ساز کردووە.