ئەڤینداری گیانی لاوێكی كوردی لەشاری تاران ستاند

14:50 - 18 سەرماوەز 2713
ئاژانسی كوردپا: لاوێكی تەمەن ١٨ ساڵی ناوچەی تیكاب، لەشاری تاران لەرێگەی خۆهەڵواسینەوە كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ناسر ئەمانی كوڕی یەحیا خەڵكی ئاوایی نەبی كەندی سەر بە بەخشی \"تەختی سولێمان\"ی تیكاب هەوڵی خۆكوژی داوە و لەئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەوتەی كەسێكی ئاگادار، ناسر ئەمانی كچێكی لەناوچەی تیكاب خۆشدەویست و دوای خوازبێنی کردنی، بنەماڵەی كچە دژایەتیان دەربڕیبوو.

سەرچاوەكە ئەوەشی خستەروو، ناسر هەر بە هۆی كێشەی ئەڤیندارییەوە دەستی داوەتە خۆكوژی.

هەر لەو پێوەندییەدا رێكەوتی١٣ی خەزەڵوەریش لاوێكی ٢٢ ساڵ بەناوی \"یاسین رەحمەتی\" كوڕی مەلا تەها و خەڵكی ئاوایی \"سێلوێ\"ی پیرانشار خۆی دەرمان‌داو كردبوو کە بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دابوو.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندەی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەسەرەتای مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا (٤٨ رۆژ)، ١٨ هاووڵاتیی كورد لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران كۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٨ كەسیان ژن و ١٠ كەسیشیان پیاو بوون و لەو ١٨ کەسەش ٨ حاڵەتیان تەنیا لە ١٨ رۆژی رابردوودا رووی داوە.