كەنگاوەرییەكان: كوردەكان بە نوێنەرایەتی سەرجەم نەتەوەكانی جیهان شەڕی داعش دەكەن

14:51 - 29 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: پشتیوانیی چالاکانی فەرهەنگی، رۆژنامەنووسان، چالاکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران، لە خەڵکی کۆبانی درێژەی هەیە.

لە پشتیوانیی ئەو چالاکە سیاسی، فەرهەنگیی شاری کەنگاوەردا لە ئوستانی کرماشان، بەیاننامەیەک لەمەر مەحکووم کردنی هێرشی چەکدارانی داعش بڵاو کراوەتەوە.

لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە خەڵکی کۆبانی نەک لەبەر ئەوەی کە کوردن، پشتیوانییان لێ دەکرێت، بەڵکوو ئەم شەڕە دیفاع لە ئازادیو مافی رەوا لە بەرامبەر چەقبەستوویی ئایدیۆلۆژیدایە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کوردەکان لە بیری پاراستنی بایەخە ئینسانییەکانیاندان و لە شەڕەکانیشدا لە توندئاژۆیی و کردەوەی بێبەزەییانە، کە لە شەڕەکاندا باوە، خۆ دەبوێرن.

ئەو چالاکانە لە کۆتاییدا، بڕیارنامەیەکیان روو لە کۆڕ و رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان و وڵاتانی ئازادیخواز بڵاو کردۆتەوەو داوایان لەو وڵاتانە کردووە:

١) بەهەموو ئیمکاناتی خۆیانەوە یارمەتیی خەڵکی کۆبانی بدەن و ئیزن بە بناژۆ خوازی نەدەن کە لەو ناوچەیە رەگاژۆ بکات، وەکوو ئەوەی لە زۆر شوێن رەگی داکوتاوە.

٢) وێڕای پشتیوانی لە ئەزموونی نوێی کوردانی سووریا، بەرپرسیارەتیی ئەخلاقیی خۆیان ئەنجام بدەن و رێگری لە بڵاوبوونەوەی فاشیزم بکەن.

٣) پشتیوانانی داعش شناسایی بکەن و لە هەموو جیهاندا لەقاویان بدەن.

٤) کوردانی سووریا بە چەک و تەقەمەنی تەیار بکەن و هەوڵ بۆ لەناوبردنی گروپی تیرۆریستیی داعش خێراتر بکەن.

٥) لە وەرزی سەرما و باران و بەفر باریندا یارمەتیی خواردن و دەرمان بگەیەننە دەستی خەڵکی کۆبانی و ئاوارەکانی ئەو شەڕە.

پێشتریش چالاکانی ئەدەبیی خەلكی کەنگاوەر لە بانگەوازێکیان لەمەڕ کۆکردنەوەیت شێعر و پەخشان لەسەر شنگال و کۆبانی بڵاو کردەوە، کە لە قاڵبی کتێبێکی بە نرخدا چاپ و ىڵاو دەبێتەوە.