ئەندامێکی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری پیرانشار کوژرا

14:11 - 21 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە مەئموورانی ڕێکخراوی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران، لە شاری پیرانشار کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی چوارشەممە ٢٠ی پووشپەڕ، \"حوسێن شوانکارە\"، یەکێک لە مەئموورانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران لە شاری پیرانشار کوژرا.

\"هەڵۆکانی زاگرۆس\" بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە، بەرپرسایەتیی کوشتنی ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی سپای پاسدارانیان وەئەستۆ گرتووە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی پووشپەڕ، \"ئارمین فەخری\" یەکێک لە هێزەکانی هەنگی سنووری و خەڵکی شاری کرماشان لە شەڕ و تێکەڵچوونێکی چەکدارانەدا، لە شاری بانە کوژرا.

فەرماندەی هەنگی سنووریی شاری بانە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"تەسنیم\" ڕایگەیاند: کە \"ئارمین فەخری\" لە کاتی شەڕ و تێکەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی دژبەری شۆڕش کوژراوە\".