ئەندامێکی خۆجێی سپای پاسداران لە مەهاباد بریندار کرا

15:23 - 7 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: ئەندامێكی خۆجێی سپای پاسدارانی خەڵکی مەهاباد، لە ئەنجامی هێرشێکدا بە سەختی بریندار کرا و بۆ ورمێ گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٣ رۆژ پێش ئەندامێکی خۆجێی سپای پاسداران بە ناوی \"جەماڵ جیهان‌ئارام\" خەڵكی گوندی \"گۆگتەپە\"ی مەهاباد لە ئاکامی هێرشی چەند کەسێكی نەناسراودا بە سەختی بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ئەندامەی سپا، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵ کەوتە بەر پەلاماری کەسانێکی نەناسراو، لەم ڕووداوەدا یەکێك لە منداڵەکانی بە ناوی \"لاوێن جیهان‌ئارام\" کوژرا.

هەروەها ئەم سەرچاوە ڕایگەیاند: ئەم ئەندامەی سپا، بە هۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ ورمێ گوازراوەتەوە و باری تەندرووستی لە ئێستادا نالەبارە.

تا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، سپای پاسداران لە مەهاباد هیچ کاردانەوەیەکی لە هەمبەر ئەم ڕووداوەدا نیشان نەداوە.

هەروەها نیوەشەوی یەکشەممە ١٢ی سەرماوەز، ئەندامێكی خۆجێی سپای پاسداران بە ناوی \"ساڵح قاسمی\" خەڵكی گوندی \"دێلەزی\" سەر بە ناوچەی شەپیرانی سەڵماس و دانیشتووی شنۆ کوژرا.