ئەندامێکی خۆجێی سپای پاسداران لە سەوڵاوا بە تەقەی کەسانێکی نەناسراو کوژرا

21:00 - 23 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی خۆجێی سپای پاسداران لە شاری سەوڵاوا بە تەقەی کەسانێکی نەناسراو کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٣ی پووشپەڕ، ئەندامێکی بە پیشینەی سپای پاسداران بە ناوی \"ئەرکان قەدیمی\" خەڵکی گوندی \"گوشخانی\" سەر بە بەخشی ناوەندی شاری سەوڵاو لە پارێزگای سنە لە لایەن گرووپێکی چەکداری نەناسراوەوە کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یەکێک لە ئەندامانی خۆجێی سپای پاسداران لە گوندی گوشخانی بە ناوی \"محەممەد عەلی فەتحی\" لە ترسی ئەم گرووپە چەکدارە هەڵاتووە و ئەو گرووپە چەکدارەش ماڵەکەیان ئاگر تێبەر داوە.

هەروەها، شەوی چوارشەممە ٢٠ی پووشپەڕ \"حوسێن شوانکارە\"، یەکێک لە مەئموورانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران لە شاری پیرانشار کوژرا.

\"هەڵۆکانی زاگرۆس\" بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە، بەرپرسایەتیی کوشتنی ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی سپای پاسدارانیان وەئەستۆ گرتووە.