٥ ئەندامی شۆرای شاری کامیاران بە زیندان و لێدانی قامچی حوکم دران

14:09 - 5 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ٥ کەس لەئەندامانی خولی چوارەمی شۆرای شاری کامیاران بە تاوانی گەندەڵی ماڵی لەلایەن دەزگا قەزاییەکانەوە بە ٥٠ ساڵ زیندان و لێدانی قامچی حوکم دراون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە پشت بەستن بە چەندین سەرچاوەی باوەڕپێکراو، خوسرەو ئیبراهیمی، ئەردەشیر موتیعی، بێهزاد نێگەهداری، هیوا مستەفاپوور و بەدیع قوربانی ناوی ئەو پێنج ئەندامەی شۆرای شاری کامیارانەن کە لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون.

لەو بارەیەوە هەواڵنێری کوردپا لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاند، هەر کام لەو پێنج کەسە حوکمی ١٠ ساڵ زیندان و لێدانی ٨٠ قامچییان بۆ بڕاوەتەوە.

سەرچاوەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ماوەی ٨ مانگ لەمەوبەر ئەو گەندەڵییە ئاشکرا بووە و دەوترێت پارەیەکی زۆر خەیاڵی لەلایەن ئەو پێنج کەسەوە دزراوە و رێژەی پارەکە بە رادەیەک زۆر بووە کە دادگا ئامادە نەبووە ئاشکرای بکات.

پێشتریش سەرچاوە ناوچەییەکان بڵاوییان کردبوویەوە هەر لەدەسپێکی ناساندنی ئەو شۆرایانەدا کێشە و ناکۆکیی باڵی بەسەر ئەنجومەنەکەدا کێشابوو و وەکوو دوو کۆتلە کارییان دەکرد.

کێشە و ناکۆکییەکانی ئەندامانی نۆ کەسی شۆرای شاری کامیاران گەیشتبوویە ئەو ئاستە کە چەندین جار بە هۆی ئامادە نەبوونیان، دانیشتنەکانی شۆرا بەڕێوە نەچووبوو.

لەو پێوەندییەدا عابدین مستەفاپوور بەرپرسی شۆرای کامیاران بە هەواڵدەرییەکانی وتبوو: ژمارەیەک لە ئەندامانی شۆراری شار ئامادە نەبوون بانگهێشت نامەکان بەمەبەستی چارەسەریی کێشەکان وەربگرن.

ئەو بەرپرسە وێڕای دانپێدانان بەکێشە و ناکۆکییەکانی ناو ئەندامانی شۆرا باسی لەوەش کردبوو، \"ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا کێشەکان درێژە بکێشێت دەبێ چاوەڕوانی هەڵوەشاندنەوەی شۆراکەمان هەبێ\".