٣ ئەندامی حیزبێکی کوردستانی ئیران، لەشەر گەڵ داعشدا گیانیان لەدەست دا

12:32 - 19 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: سێ ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی داعش لە ناوچەی کەرکووک گیانیان لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە تێکهەڵچوونێکی پێشمەرگەدا لە ناوچەی رۆژئاوای کەرکووک لەگەڵ چەکدارانی داعش، سێ پێشمەرگەی (پارتی ئازادیی کوردستان) \"شەهید\" کران.

ئەو تێکهەڵچوونەی شەوی دووشەممە، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنەوەی ناوچەکانی کەرکووک کە لەژێر دەستی داعشدا بوون، هاتۆتە ئاراوەو لە ئەنجامدا رۆژی رابردوو ١٠ گوندی ئەو ناوچەیە، لە چەکدارانی داعش پاک کراوەتەوە.

\"25300.jpg\"
لە تێکهەڵچوونێکی پێشمەرگەدا لە ناوچەی رۆژئاوای کەرکووک لەگەڵ چەکدارانی داعش، دیاکۆ رەحیمی، زانکۆ کامیارانی و هێرش سەقزی سێ پێشمەرگەی (پارتی ئازادیی کوردستان) \"شەهید\" کران
کۆمیتەی راگەیاندنی پاک وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی گیان لەدەست دانی ٣ پێشمەرگەی ئەو حیزبە لە تێکهەڵچوون لەگەڵ چەکدارانی داعش، رایگەیاندووە: لە کاتی پرۆسەی ئازادکردنی رۆژئاوای کەرکووک لە بەیانیی رۆژی رابردوودا، هێزەکانی پارتی ئازادی رۆڵی سەرەکییان هەبووە.

شوناسی ئەو سێ ئەندامەی پارتی ئازادیی کوردستان، دیاکۆ رەحیمی، زانکۆ کامیارانی و هێرش سەقزی راگەیەندراوە.

لە ماوەی ٩ مانگی رابردوودا چوار کەس لە ئەندامەکانی ئەو حیزبە لە تێکهەڵچوون لەگەڵ چەکدارانی داعشدا گیانیان لەدەست داوە.