ئەندامانی شۆرای مەهاباد هاوشێوەی شۆراکانی شیناوێ دەستیان لەکار کێشایەوە

16:34 - 10 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: دوو کەس لەئەندامانی شۆرای شاری مەهاباد بە هۆی کێشە و ناکۆکیی نامەی دەست لەکار کیشانەوەی خۆیان پێشکەش بە ناوەندە پێوەندیدراەکان کردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کامران عەلیزادە ئازەر و سەید رەسووڵ نەبەوی دوو کەس لەئەندامانی هەڵبژێردراوی شۆرای شاری مەهاباد دەست لەکار کێشانەوەی خۆیان راگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کرد، نامەی دەست لەکارکێشانەوەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە پۆستەکانیان لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە قبووڵ نەکراوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، نەبەوی و عەلیزادەئازەر لەسەر داواکارییەکەی خۆیان سوورن و ئامادە نەبوون بچنەوە سەر کارەکانیان.

دەوترێت سەید رەسووڵ نەبەوی کە بەرپرسیاریەتی کۆمیتەی فەرهەنگیی شۆرای شاری لە ئەستۆ بوو بە هۆی لابردنی لەپۆستەکەی دەستی لەکار کێشاوەتەوە.

دەست لەکار کێشانەوەی ئەو دوو ئەندامەی شۆرای شاری مەهاباد کاردانەوەی جیاوازی لێکەتووەتەوە، بەچەشنێک کە ناوەندە حکوومەتییەکان لە مەهاباد دەست لەکارکێشانەوەکە رەت دەکەنەوە و لە هەمان کاتیشدا سەید رەسووڵ نەبەوی لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕە ناوچەییەکان ئەو هەواڵەی پشت راست کردووەتەوە.

\"28528.jpg\"
سەید رەسوڵ نەبەوی و کامران عەلیزادە ئازەر

سەید رەسوڵ نەبەوی کارناسی باڵای مودیرییەت و بەرپرسی کۆمیسیۆنی فەرهەنگی لەخولی چوارەمی شۆراکانی مەهابادە و کامران عەلیزادە ئازەریس دوکتوڕای عومران و شارسازی هەیە.
بەشێک لەشارەکانی کوردستانی ئێران لەپاش چوارەمین خولی هەڵبژاردنی شۆراکان لەساڵی ١٣٩٢دا، لەگەڵ کێشە و قەیران بەرەوڕوو بوونەوە.

شارەکانی بۆکان، کرماشان، بانە، پاوە، روانسەر، جوانڕۆ و مەهاباد لەو شوێنانە بوون کە سەرپەرەستی شۆراکان بۆ چەندەمین جار گۆڕدران.

لەم دوایانەشدا و حەفتەی رابردوو ئەندامانی شۆرای شارەدێی شیناوێ لەپیرانشار بە کۆمەڵ دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاندبوو.

خالید ئەحمەد دووست، حامید حەسەنزادە، ناسر یووسفی، واحید موختار و عەلی شیرینی پێنج ئەندامی شۆرای ئاوایی شیناوێن کە نامەکەیان واژۆ کردبوو.

ئەو ئەندام شۆرایانە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە نەبوونی خزمەتگوزاری و پێڕانەگەیشتن بە دۆخی ژیانی هاووڵاتیان دەستیان لەکار کێشابوویەوە.

هەواڵی پێوەندیدار:
ئەندامانی شۆرای ئاوایی شیناوێ دەستیان لەکار کێشایەوە