ئەندازیارێکی کورد لە لایەن حیفازت ئیتلاعات لە سەر کارەکەی دەر کرا

12:49 - 13 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: حیفازت ئیتلاعاتی شاری کرماشان، ئەندازیارێکی کوردی پاش ١١ ساڵ لە سەر کارەکەی دەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی خەزەڵوەر، ئەندازیارێکی کورد بە ناوی \"ساسان فەتاحی\" خەڵکی شاری پاوە و دانیشتووی شاری کرماشان، کە ١١ ساڵ پیشینەی کاری هەیە، لە لایەن حیفازت ئیتلاعاتی شاری کرماشانەوە لە سەر کارەکەی وەلا نرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: هۆکاری دەرکردنی ساسان فەتاحی بە هۆی چالاکی براکەی لە بواری مافی مرۆڤەوە بووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: ئەو ئەندازیارە کوردە، ١١ ساڵ فەرمانبەری ئیدارەی بیمەی کۆمەڵایەتی شاری کرماشان بووە و ڕۆژی پێنجشەممە لە سەر بڕیاری حیفازت ئیتلاعاتی ئەو شارە لە سەر کارەکەی دەر کرا.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بڕیاری دەر کردنی ئەو ئەندازیارە کوردە، بە فەرمی لە لایەن حیفازەت ئیتلاعاتی شاری تارانەوە دراوە.

ساسان فەتاحی خاوەنی بڕوانامەی کارناسی باڵای ژنتیک و ئەندازیاری میکانیکی و خوێندکاری قۆناغی دوکتورایە.

\"\"