ئەندازیارێکی پاوەیی لە شاری هەولێر گیانی لەدەست دا

21:27 - 17 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: ئەندازیارێکی خەڵکی شاری پاوە لە یەکێک لە بیناکانی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەربوویەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو لە شاری هەولێر، ئەندازیارێکی خەڵکی شاری پاوە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە ناوی یووسف فەتحی کوڕی فەرەج، بە هۆی بەربوونەوە لە شوێنی کارەکەی، گیانی لەدەست دا.

ئەو ئەندازیارە کوردە لە بینایەکی چەند نهۆمیدا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان لە کاتی کار کردن دەکەوێتەوە خوارەوە.

یووسف تەمەنی ٣٠ ساڵە و خەڵکی گوندی \"دشە\"ی سەر بە شاری پاوە لە پارێزگای کرماشانە و ماوە ماوە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان و گوزەرانی بنەماڵەکەی، ڕووی لە شارەکانی باشووری کوردستان کردووە.

ڕێکەوتی ١٥ی جۆزەردان، یەکێکی دیکە لە کرێکارانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە شاری تاران بە هۆی بەرکەوتنی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەست دەدات.

پاش ڕووخانی حکوومەتی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بووەتە شوێنی کار بەتایبەت بۆ ئەو کرێکارانەی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتن. بە شێوەیەک کە هێندێک لە داهاتەکان هەتا ٣ بەرانبەری حەقدەستی کرێکار لە ئێرانە و جیاوازیی بەهای پارەش لەو دوو وڵاتە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچ کردنی کرێکاران بۆ باشووری کوردستان بەئەژمار دێت.

نەبوونی دڵنیایی کار(بیمە) یەکێک لە گرینگترین پاڵنەرەکانی چینی کارێکارە بۆ کۆچ کردن لە ئیڕان.