ئەنجومەنە خەڵكییەکانی ناوەندی مەریوان، بە هۆی تێکدانی دارستانەکانی مەریوان هۆشداریان داوە

15:30 - 26 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنە خەڵکییەکانی ناوەندی مەریوان، بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک لە پێوەندی لەگەڵ تێکدانی دارستان و لەوەڕگەکانی مەریوان، نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە و داواکاری سزادانی تێکدەرانی دارستانەکانن.

لە بەیاننامەی ئەنجومەنە خەڵکییەکانی مەریواندا هاتووە: ئێمە ژماریەک لە ئەنجومەنە خەڵكییەکان و ناوەندەکانی چالاکیی فەرهەنگیی و ژینگەیی، بەردەوام نیگەرانیی خۆمان ڕاگەیاندووە و بە ئەرکی خۆمانی دەزانین، کە خەڵک و بەرپرسانی کەمتەرخەمی نابەرپرس بە شەریکی ڕاستەوخۆی تێکدەرانی دارستانەکان بزانین و داواکاری لێپرسینەوە و سزادانی هەموو ئەوانە بین.

بەداخەوە هەروەک ڕابردوو، لە ئێستەشدا شایەتی تێکدانی بەرفراوانی دارستانەکانی مەریوانین، ئەم جەنایەتە قەبووڵنەکراوە، بە شێوەیەکی تەواو کەمتەرخەمییەوە و لە بێدەنگیی ئیدارە و ناوەندە بەرپرسیارەکان، بووەتە شتێکی ئاسایی بۆ خەڵک و بەرپرسان، بێگومان بەردەوامیی ئەم کارە لە داهاتوویەکی نە چەندان دووردا، لەنێوچوونی تەواوی دارستانەکان و گۆڕانیان بۆ زەوییەکی بێسوود دەبینین.

بە سەرنجدان بەم ڕاستییە نیگەرانکەرە، نایشارینەوە کە سەبری ئێمە تەواو بووە و هۆشداریی لە بارەی بەردەوامیی ئەم بارودۆخە دەدەین، ئێمە بە هۆی هەستی بەرپرسایەتییەک کە بەرانبەر بەم سەرزەوییە هەمانە، ڕاستگۆیانە ڕایدەگەیەنین، ئەگەر ئەم ڕەوتی لەنێوچوونە درێژەی هەبێت، بێدەنگ نابین و هەموو ڕێکارە یاسایییەکان بۆ ڕاگرتنی ئەم جەنایەتە دەگرینە بەر؛ چونکە ڕێگەیەک کە دارستانخۆرەکان و زەویخۆرەکان و ژمارەیەک لە بەرپرسان گرتوویانەتە بەر، دەستپێکی لەنێوچوونی داهاتوو و سەرچاوەکانی نەوەی داهاتووە. ئێمە پێداگرین لە بەرانبەر ئەم جەنایەتە و بە پشتبەستن بە بژاردە یاسایییەکان، هەنگاوی بنەڕەتی و کردەی هەڵدەگرین و بێگومان لەوە زیاتر بێدەنگ نابین.

بەشی تەواوی ئەم بەیاننامەیە لە بەشی فارسیی کوردپا لە بەردەستدایە.