ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی سەقز بە ئامانجی پەرەپێدان بە فەرهەنگی ژینگەپارێزی چالاکییان بەڕێوەبرد

13:42 - 18 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی شاری سەقز، بە مەبەستی ڕێزلێنانی لە گیان لەدەستداوانی ژینگەپارێزیی ٣ی خەرمانان، چەند چالاکییەکی ژینگەپارێزییان لەو شارە بەڕێوەبرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەر، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی شاری سەقز، بە چاندنی نەمام لە ٥٠ شوێنی ئەو شارە وەکوو ڕێزلێنان لە گیان لەدەستداوانی ژینگەپارێزیی ٣ی خەرمانان، لە شاری مەریوان چەند چالاکییەکیان ئەنجام دا.

ئەو ئەنجومەنە بە دروشمی \"ژینگە ژیانە\" بە ئامانجی: \"درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدانی ژینگە، پەرەپێدان بە فەرهەنگی ژینگەپارێزی، خەسارناسیی دەڤەری شاری سەقز، فێرکاری و پەروەردەی ئەندامان\" دەستیان بە کار و چالاکی کرد.

ئەندامانی ژینگەپارێزیی شاری سەقز لە لووتکەی شاخی بەردەسوور لە بەرنامە ژینگەپارێزییاندا لە نزیک بە ۵۰ شوێن بەڕووی مازوار، تایبەت بەم ناوچەیانە چاند.

بەشی گرینگی ئەم بەرنامەیە خەسارناسی و ئاوڕدانەوەیەک بوو لە قەیرانێکی ژینگەیی کە بە سەر دەڤەری سەقزدا هاتووە و دێت و بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خەسارە کە بە سەر ژینگەی ئەو ناوچەیەدا هاتووە، بڕیاریان دا بە کردەی هەنگاو بنێن.