ئەنجومەنی "نۆژین" بەبۆنەی گیانبەختکردنی سێ ژینگەپارێزی پاوە، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە

ئەنجومەنی نۆژین بەبۆنەی گیانلەدەستدانی سێ چالاکی ژینگەپارێزی لە ئاگری دارستانەکانی ناوچەی مەرەخێڵی پاوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەم ڕاگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

ئەگەرچی دۆخی کوردستان و ژیانی هەنووکەیی مرۆڤی کورد لە بوارە جیاجیاکانیەوە هەڵگری هەندێک هاوبەشیی جیهانییە، بەڵام کۆمەڵێک فاکتۆر وئەکتەری جیاوازی ناوچەیی و نێوخۆیی فۆرمدەری ئەم دۆخەن کە پێویستیی خوێندنەوەیەکی تایبەت بۆ کێشە و دۆخە قەیرانییەکانی ئەمڕۆی کوردستان زەقتر دەکەنەوە.

لێکتەنرانی کێشە جیاجیاکانی ڕەهەندە جیاوازەکانی مرۆڤی کورد بەرهەمهێنەری دۆخێکە کە کۆمەڵگای کوردستان بە شێوازێکی مەترسیدار ڕوو لە هەڵوەشانەوەیە و سەرمایەی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابوورییەکانی ڕوو لە نسکۆن و لەباری دەروونناسیی کۆمەڵایەتییەوە قەیرانە جیاجیا عەینی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان، مرۆڤی کوردیان کردووەتە مرۆڤێکی ئەتۆمیزەکراوی بێدەرەتان کە هەر ڕۆژە بەشێک لە ژیانی تووشی قەیران دەبێت و دیالێکتیکی تاک- کۆمەڵگای بێدەرەتانی ئانۆمیک بەردەوام یەکدی بەرهەم دەهێننەوە کە دەرهاویشتەی ئەم دۆخە مەترسیدارە، بازنەیەکی بەردەوامی نسکۆ و لێکترازان و قەیرانە.

ئەگەر بمانەوێت هەندێک لە سەرچاوەکانی ئەم دۆخە لێک‌ بدەینەوە، دەتوانین بەڕێوبەرایەتیی فەشەلی ناوەندگەرا کە بە ڕوانینێکی ئەمنییەتییەوە سەیری بەناو پەراوێزەکانی خۆی دەکات، لەلایەکەوە و لەلایەکی ترەوە نەبوونی چارەنووسی نەتەوەی کورد بەدەستی خۆیە و بڕیارنەدان بۆ شێوازی بەڕێوەبەرایەتی و پلانداڕێژیی ژیانی ئەو نەتەوە دوو لە هەرە سەرەکیترین هۆکارەکانی ئەم دۆخە دەستنیشان بکەن.

ئەگەر تێئۆریی خۆسەپاندن-خۆڕاگری بە هێند وەربگیردرێت، دەتوانین بڵێین ئەگەرچی ناوەند بەردەوام ویستی خۆسەپاندنی هەبووە و ئاکامی ئەم ویستەش دەیان قەیرانی جۆراوجۆری مرۆڤی- ژینگەیی بووە، نەتەوەی کوردیش خۆڕاگری و بەرخۆدانی بۆ مانەوە و سەلماندنی خۆی کردووە کە دەرەنجامی ئەم خۆڕاگرییە بەرهەمهێنانی کۆمەڵگایەکی تێگەیشتوو و چالاکی سیاسی- کۆمەڵایەتییە. بەڵام تێچووی ئەم خۆڕاگرییە بۆ نەتەوەکەمان زۆر لەسەرەوەیە و بەهۆی ڕادەی هێز و قەیرانە بەرهەمهێنراوەکانی ناوەندەوە ئەم نەتەوە دەبێ بەردەوام بینەری دۆخی دڵهەژێن بێت.

کەواتە ئەو دۆخەی کە ئەمڕۆ کۆمەڵگای کوردستانی تێکەوتووە تەواوی لایەنەکانی ژیانی نەتەوەی کوردی گرتووتەوە، ژینگەش وەکوو یەکێنەیەکی سروشتی- ژێئۆپۆلیتیکی بەشێک لەم قەیرانە بەربڵاوەی کوردستانە.

پرسیارێک کە لێرەدا دەبێ هەم لە نەتەوەی کورد و هەم لە دەسەڵاتداران بپرسرێت ئەوەیە کە بۆچی لەگەڵ بوونی ئەزموونی چەندین ساڵە لە سووتانی دارستانەکانی کوردستان چارەسەرێک بۆ ئەم قەیرانە نادۆزرێتەوە ؟

بۆچی ژینگەوان و ژینگەپارێزانی ئێمە یان گیانیان ببێت بە سووتووی قەیرانە دەستکردەکانی ناوەند یان لە سووچی زینداندا پڕبایەخترین ساڵەکانی ژیانیان تێپەڕ بکەن؟

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمڕۆش هەواڵی گیانبەخشینی پۆلێکی تر لە لاوان و ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە بۆ پاراستنی شکۆی ژیانی نەتەوەکەمان بووین.

ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین وێڕای سەرەخۆشیی ئەم کۆستە نوێیە و کڕنۆشبردن بۆ سەرجەم شەهیدانی مانەوەی ئەم نیشتمانە، بەتایبەت شەهیدانی نوێی ژینگەی کوردستان، لە نەتەوەی کورد بەگشتی و ئەنجومەنی ژیوای بەتایبەت، جەخت دەکاتەوە کە تەنیا ڕاگەیاندن و سەرەخۆشیکردن چارەسەریی ئەم دۆخە ناکات و دەبێ تاک و کۆمەڵگای کوردی هەوڵ بۆ بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆیان بدەن، هەتاکوو چیدی بینەری ڕووداوگەلی لەم چەشنە نەبین.