کامێران؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی هێرش شەریفیان، مێرمنداڵی کورد
٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی هێرش شەریفیان، مێرمنداڵی کوردی خەڵکی گوندی "پاڵنگان" سەر بە شاری کامێران، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی لە گوندی پاڵنگان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هێرش شەریفیان مێرمنداڵی ١٧ ساڵان و بە شکاندنی دەرگای ماڵەکە، ویستوویانە دەسبەسەری بکەن، بەڵام بە هۆی نەبوونی لە ماڵەوە نەیانتوانی ئەم کارە بکەن. هێزە ئەمنییەتییەکان پاش ئەم کارە، داوایان لە بنەماڵەکەی کردبوو کە کوڕەکەیان بە زووترین کات، بە ئیتلاعاتی کامێران بناسێنن.
ئەم سەرچاوەیە وتیشی: هێرش شەریفیان پاش ناساندنی خۆی بە ئیتلاعاتی کامێران دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و تاکوو ئێستا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.