ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، سکاڵای لە سەر هەنگی سنووری تۆمار کرد

15:21 - 15 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لە دروست کردنی بینایەکی چوار نهۆمی لە نزیک گۆلی زرێبار، لە لایەن ئۆرگانە نیزامییەکانی حکوومەتی، سکاڵای لە سەر هەنگی سنووری تۆمار کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان داگیری کردنی زەلکاوی زرێبار لە لایەن ئۆرگانی نیزامیی و دروست کردنی بینایەکی چوار نهۆمی لە لایەن هەنگی سنووریی شاری مەریوان بەبێ ئیزنی لە لایەن ناوەندەکانی پەیوەندیداری حکوومەتی \"بێڕێزی بە خەڵکی شاری مەریوان، یاسا و ژینگەی ناوچەکە و گۆلی زرێبار\" زانیوە.

ئەو ئەنجومەنە خەڵکییە دەڵێت: لە ژێرپێنانی یاسا و تێکدانی ژینگەی زەلکاوی زرێبار، لە لایەن کەسانێکی خراپکار، بەرژەوەندیخواز ڕەوایەتیی کراوە، کە لایەن هەنگی سنووریی سەرچاوەی گرتووە و هەوڵی دروست کردنی ئەو بینایەی داوە.

ئەنجومەنی سەوزی چیا، لە ژمارەی ٢٤ی مانگانەی خۆی نووسیوویەتی:
\"ئەنجومەنی سەوزی چیا لەگەڵ ئەنجومەنەکانی دیکەی شاری مەریوان، لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانی خۆیان گەیاندووە بە خەڵک و بەرپرسانی حکوومەتی، بەڵام لە ڕوانگەی هەنگی سنوورییەوە، یاسا تەنیا بۆ خەڵکە و ئەوان لە سەرەوەیی یاسان و درێژە بە دروست کردن و تەواو کردنی ئەو بینایە دەدەن، لە هەوڵێکی سەرسووڕهێنەردا سکاڵایان بە دژی بڵاڤۆکی چیا تۆمار کردووە، کە بۆچی لە هەمبەر کاری یاسایی ئەوان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و هەوڵیان داوە بڵاوڤۆکی چیا بە ناچاری بێدەنگ بکەن، بەڵام خەیاڵیان خاوە کە زرێبار هێڵی سووری ئێمەیە.\"

ئەو ئەنجومەنە ژینگەپارێزییە هەروەها ڕایگەیاندووە: \"بۆ پێشگرتن لە تێکدانی زرێبار، ئەنجومەنی سەوزی چیا لەگەڵ ئەو سکاڵایە لە دادگای شاری مەریوان، لە هەنگی سنووریی ئەو شارە سکاڵای تۆمار کردووە. هیوادارین بە بەڕێوەچوونی دادپەروەری لەگەڵ پێشێلکەرانی یاسا هەڵسووکەوتی جیددی بکەن و ئەو بینایە بڕووخێنن\".

سەید عێرفان حوسێنی، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سەوزی چیا لە نامەیەک لە پەیوەندیی، \"دروست کردنی نایاسایی لە ناو شوێنی حەوانەوەی ژیانی ئاژەڵان و زەلکاوی زرێبار لە پارێزگای کوردستان\" بۆ جێگری سەرکۆمار و سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەپارێزی ئێران ناردووە.

لەو نامەیە بەڕێوەبەری گشتی ئەنجومەنی سەوزی چیا \"دروست کردنی بینایەک لە ناو زرێبار نیشانەیەک لە شەپۆلی پشتگوێ خستنی بوارەکانی ژینگە و ئیکۆسیستمی هەستیار و بەنرخی زرێبار\" زانیوە.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان داوای ڕاگرتنی هەر جۆرە دروست کردنی بینایەک لە شوێنی حەوانەوەی ئاژەڵان و باڵندەکانی زەلکاوی زرێبار بوون.

ناوەڕاستی جۆزەردانی ئەمساڵ، هەنگی سنووری، لە دەورووبەری ژینگەی باڵندەکان و ئاژەڵانی زەلکاوی زرێبار، لە سەر ئەو تەپۆڵکەیە، بەبێ داواکاری و ئیزن وەرگرتن لە ئیدارەی ژینگەپارێزی و سەرچاوە سروشتییەکان هەوڵی دروست کردنی بینایەکی چوار نهۆمیان داوە، کە ئەمەش ناڕەزایەتی توندی ناوەندە خەڵکییەکانی شاری مەریوانی لێ کەوتووتەوە.