ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی پارێزگای سنە/ مەریوان داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی زیندانی تەعلیقی تاهیر قادرزادەیان کرد

20:44 - 1 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی پارێزگای سنە/ مەریوان لە بەیاننامەیەکدا حوکمی زیندانی تەعلیقی تاهیر قادر زادەیان بە\"نادادپەرەورانە\" وەسف کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایان پارێزگای سنە/ مەریوان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک حوکمی زیندانی تەعلیقی تاهیر قادرزادەیان مەحکووم کرد.

چەند ڕۆژ پێش، دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە حوکمی ٩١ رۆژ زیندانی تەعلیقی بۆ ماوەی سێ ساڵ بۆ تاهیر قادرزادە، ئەندامی کانوونی سێنفی مامۆستایان پشتڕاست کردەوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی پارێزگای سنە بە \"تێکدانی بیروڕای گشتی و وەرێخستنی کۆبوونەوەی نایاسایی\" تاوانبار کراوە.

دادگای ئینقلابی شاری سەقز _ لقی پێنج ئەو مامۆستا کوردەی بە ٩١ رۆژ زیندان تەعزیری مەحکووم کردبوو.

پێشتر ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی کوردستان/مەریوان داوایان لە دەزگای قەزایی و بەرپرسانی ئەمنیەتی کردبوو کە دادگای پێداچوونەوە بە بێ تاوان ناساندنی ئەو مامۆستایە لە درێژەی پێکەوە کار کردنی بەرپرسانی ئەمنیەتی لەگەڵ چالاکانی سێنفی هاوکاری بکەن.

لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە، ڕەوتی ڕوو لە گەشە کردنی وەرگرتنی پارە بۆ کاروباری پەروەردەیی، قوتابخانە کەپرییەکان، بارودۆخی ناڕوونی مامۆستایان، لە بەرچاونەگرتنی داواکاری خانەنشین کراوەکان و هتد پرسگەلێکن کە ناوەندە پەیوەندییدارەکان هەتا ئێستا ڕێگاچارەیەکی جیددییان بۆ چارەسەر کردنییان نەبووە و هیچ نیشانەیەک لە بەکردەیی کردنی بەڵێنە ڕەنگاوڕەنگەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن نیسبەت بە مامۆستایان و قوتابیان بەرچاو ناکەوێت.

لە وەها بارودۆخێکدا چالاکانی سینفی و ڕێکخراوە یاساییەکان کەوتوونەتە بەر بێ مەیلی و حوکمی نادادپەروەرانە دژی ئەوان دەردەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەو نامەیەدا هاتووە، حوکمی نادادپەروەرانەی ٩١رۆژ زیندانی تەعلیقی لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی سنە دژی تاهیر قادرزادە لە ئەندامانی خۆشناوی ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایان لقی سەقز و هەروەها، حوکمی تەعزیری موحسین عومەران چالاکی سێنفی بووشەهری لە حوکم گەلێکن کە بە ئامانجی ڕاگرتنی ناڕەزایەتی بەجێی کۆمەڵگای مامۆستایان لە شارە جۆراوجۆرەکان بڕدراوتەوە.

بێ گومان حوکمێک لەو جۆرە بەشێک لە هەڵسووکەوتی ناوەندە قەزایی و ئەمنیەتییەکانە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ کۆمەڵگای گەورەی فەرهەنگیان و داواکاریی سێنفی و ڕەواکانی مامۆستایان بووە.