ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی سەوڵاوا و مەریوان سەردانی دایکی "شەعبان محەممەدی"یان کرد

11:06 - 11 گەلاوێژ 2722

ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - سەوڵاوا و مەریوان، سەردانی بنەماڵەی شەعبان محەممەدی بە تایبەتی دایکی ئەو مامۆستا دەسبەسەرکراوەیان کرد.

لەو دیدارەدا، مامۆستایانی سەوڵاوا و مەریوان، پشتگیریی خۆیان لە داواکاریی مامۆستایان کرد و زیندانیکردنی مامۆستایانی کوردستانی و ئێرانیان مەحکووم کرد.

بارودۆخی جەستەیی شەعبان محەممەدی لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، لە زیندانی ئێڤین نالەبار ڕاگەیەندراوە.

 ئەو چالاکە سێنفییە لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی لەگەڵ هاوژینەکەیدا باسی لە نالەباریی کۆئەندامی هەرەس، ڕیخۆڵە و گورچیلەکانی خۆی کردووە و پێویستی بە چارەسەریی پزیشکی هەیە.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٤ی جۆزەردان، ئەو چالاکە سێنفییە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕایگەیاندبوو کە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندی ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزراوە.

شەعبان محەممەدی، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ، پاش چوونەدەرەوە لە ماڵەکەی و لە گۆڕەپانی "باوەڕەشی"ی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.