ئەنجومەنی \"سبز اندیشان جوان\"ی مەهاباد پشتیوانیی لە ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی \"وڵات\"ی بۆکان کرد

21:14 - 6 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی \"سبز اندیشان جوان\"ی مەهاباد سەبارەت به پێشگرتن له چالاکییەکانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی \"وڵات\"ی بۆکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش پێشگیری له چالاکییەکانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی \"وڵات\"ی بۆکان، ئەنجومەنی \"سبز اندیشان جوان\"ی مەهاباد به بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک پشتیوانیی لەم ئەنجومەنە کرد.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووه: لە ماوەی ڕابردوودا، به سەرنجدان به کێشە ژینگەییەکانی ناوچە و وڵات به هۆی هۆکارە ئێکۆلۆژیک و مرۆییەکانەوە، ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکان دڵەڕاوکێی پارێزگاری له سروشتیان هەبووە و لەم پێناوەدا لە هیچ هەوڵێک درێغیان نەکردووە و تووشی کێشەی زۆر بوونە. لەم دۆخەدا، چالاکی نەکردنی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی و گوشارە دەرەکییەکان بۆ سەر ئەندامان دەتوانێ کێشە و دڵەڕاوکێ ئەو کەسانە چەند قات زیاتر بکاتەوە که بە بێ ڕەچاوکردنی هیچ چەشنه چاوەڕوانییەک، سامانە مادی و دەروونییەکانی خۆیان بۆ سروشت تەرخان کردووە.

ئەنجومەنی \"سبز اندیشان جوان\"ی مەهاباد لەم ڕاگەیەندراوەدا ڕایگەیاندووە: هەر لەم پێناوەدا پێشگرتن له چالاکییەکانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی \"وڵات\"ی بۆکان بووەتە هۆی نیگەرانی ئێمە و چاوەڕوان دەکرێت که بەرپرسانی بەڕێزی ئەم شارە به سەرنجدان به چالاکییەکانی چەند ساڵی ڕابردووی ئەم ئەنجومەنە و پێویستیی پشتگیری لە ناوەندە خەڵکییەکان لە پێناو گەشەی کۆمەڵگادا و بۆ چارەسەرکردنی لەمپەرەکان هەنگاو هەڵبگرن که لە چوارچێوەی یاسادا، مۆڵەتی پێویست بۆ درێژەدانی چاڵاکییەکانی ئەنجومەنی وڵات پەسەند بکرێت.

ماوەیەکی پێش، کۆڕی گشتیی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی \"وڵات\"ی بۆکان لە ڕاگەیەندراوێکدا، باسی له گوشارەکانی فەرمانداری و شارەداریی ئەم شارە بۆ پێشگرتن له چالاکییەکانی ئەم ئەنجومەنە کرد.

ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی \"وڵات\"ی بۆکان لەم ڕاگەیەندراوەدا وتوویەتی: بە پێێ ڕاگەیەندراوی پێشووی ئەم ئەنجومەنە لە هەمبەر گوشارە ئۆتۆماتیکەکانی فەرمانداری و شارەداری بۆ داخستنی دەفتەری کاری ئەنجومەن، جارێکی دیکه ڕایدەگەینین که ئەگەر لە لایەن ناوەندە کۆمەڵایەتی و خەڵکییەکانەوە بە شێوەیەکی یەکگرتوو، پشتیوانیمان لێ نەکرێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەمانسڕنەوە.