كەمپەینی پشتیوانی لەمافی منداڵانی شیناوێ، كۆنفڕانسێكی بەڕێوە برد

13:11 - 24 رێبەندان 2713
ئاژانسی كوردپا: لەشاری هەولێر لەهەرێمی كوردستان كۆنفڕانسێک لەژێر ناوی \"منداڵانی شیناوێ دەنگی ئازاری میللەتێكن\" بە بەشدارایی چالاكانی فەرهەنگی و مافی مرۆڤ بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەو كۆنفڕانسە لەلایەن كەمپەینی پشتیوانی لەمافی منداڵانی شیناوێ رێكەوتی ٢٣ی رێبەندان بەڕێوە چوو، کە ئامانج لە دامەزراندنی ئەو كەمپەینەش ئاشنا كردنی ئەو منداڵانە بە مافە سەرەتاییەكانیان‌‌و هەروەها ئاگاداركردنی بیرو رای گشتی و كۆمەڵگەی كوردستان لەسەر كارەساتی شیناوێ‌، راگەیەندراوە.

ئەو كەمپەینە راگەیەندراوێكیان بڵاو كردۆتەوە و لەبەشێكی ئەو راگەیەندراوەدا هاتووە، لە دەرئەنجامی كارەساتی قوتابخانەی شیناوێ داهاتووی قوربانیانی ئەم كارەساتە لەمەترسییەكی یەكجار جیددی دایە، بەتایبەت ئەو منداڵانەی كە رێژەی سووتانیان لە سەرێیە، پێویستە هەر چی خێراتر لەنەخۆشخانە پێشكەوتووەكان نەشتەرگەرییان بۆ بكرێت.

\"18339.jpg\"
لەدرێژەی راگەیەندراوەكەدا نووسراوە، بە سەرەنجدان بەوەی كە زۆربەی كارەساتەكانی لەم چەشنە لە زێدی نەتەوە بن دەستەكانی ئێران روو ئەدات، دەرخەری پێشێلكرانی سیستماتیكی مافی منداڵانی نەتەوە بندەستەكان لە ئێرانی ئەمرۆدایە.

كەمپەینی بەرگری لە مافی منداڵانی شیناوێ لەراگەیەندراوەكەیاندا چەند خاڵیان دەستنیشان كردووە و وتوویانە كە لەو پێوەندییەدا چالاكیەكانیان چڕتر دەكەنەوە كە بریتین لە:

ـ وشیاركردنەوەی بنەماڵەی قوربانییان بەمەبەستی ناساندنی یاسا و بڕیارنامەكانی تایبەت بە مافی منداڵانی قوربانی لە شوێنی خوێندن.

ـ پشتگیری مێدیایی بەمەبەستی پێڕاگەیشتنی هەرچی زووتری بەرپرسانی حكوومەتی بەم كەیسە، و لەبەرچاوگرتنی مافی ئەو منداڵانە وجێبەجێ كردنی ئەركە یاساییەكانی حكوومەت.

ـ گەیاندنی ئازاری ئەم منداڵانە بۆ بەشێک لە رای گشتی كوردستان و ڕێكخراوە مەدەنی و نێونەتەوەییەكان.

ـ كۆكردنەوەی یارمەتیی دارایی بۆبنەماڵەی ئەم منداڵانە و بەشداری پێكردنی بەشێک لە رای گشتی لە هاوكاری كردنی ئەم منداڵانە.

رۆژی١٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١، زیاتر لە ٣٧ کچە قوتابیی گوندی شیناوێی شاری پیرانشار لەئەنجام ئاگرگرتنی سۆبەی پۆلەکەیان، تووشی سووتان بوون و دوو کچە قوتابی بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەوە گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەكی بەرچاویش هەتا ئێستا بەدەست برینەكانیانەوە دەناڵێنن.