كەمپه‌ینی پشتگیری لە محەممەد سەدیق كەبوودوەند نامەیەكیان پێشكەش بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد

14:21 - 13 پووشپەڕ 2712
كوردپا: كەمپه‌ینی پشتگیری لە محەممەدسەدیق كەبوودوەند لێپرسراوی رێكخراوی به‌رگری لە مافی مرۆڤی كوردستان له‌مه‌ڕ به‌هاناوه‌ هاتنی که‌بوودوه‌ند نامەیەكیان ئاراسته‌ی مەسعوود بارزانی كرد.

نوسخەیەك لەو نامەیە بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا نێردراوە
دەقی نامەكە:
بەڕێز كاك مەسعوود بارزانی!
سەرۆكی هەرێمی كوردستان!
وەك كەمپه‌ینی \"پشتگیری لە كەبوودوەند\" و بەشێك لە چالاكانی سیاسی و مەدەنی رۆژهەڵاتی كوردستان، پشت بەم گوتەیەی ئێوە كە بەردەوام جەختتان كردۆتەوە وەكوو حكوومەتی هەرێم پشتیوانی لە هەوڵی ئاشتیخوازانە بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستان دەكەن، ئاگادارتان دەكەینەوە كە ئێستا محەمەد سدیق كەبوودوەند \" سەرۆكی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان \"، كە لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی‌یەوە دەستبەسەره‌ و بڕیاری ١١ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپاوە، ئێستا ماوەی ٣٨ رۆژە بۆ پێداگریی لە سەر مافە سەرەتاییەكانی لە زیندان و بینینی منداڵەكەی مانی لە خواردن گرتووە.

جگە لەوەی كە ناوبراو لە زینداندا بە هۆی گوشارەوە تووشی جەڵتەی دڵ و گیرۆدەی چەندین نەخۆشینی دیكە بووە و كەچی دوای ئەم چەند رۆژ مانگرتنە بەرپرسانی حكوومی هیچ وەڵامێكیان بە داواكانی نەداوەتەوە. لەوەها دۆخێكدا، كە بەرێزیان رووبەڕووی مەترسیی مەرگە، هەموو ئیمە چاومان لە بەڕێزتانە كە داوا لە دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی بكەن كە رێز لە داخوازییە سەرەتاییەكانی كەبوودوەند؛ وەكوو كەسایەتییەك كە خەباتی بۆمافی مرۆڤ كردووە، بگرن.
كەمپین بە نوێنەرایەتی لە بەشێك لە بیرورای رۆژهەڵاتی كوردستان داواكارە كە بەڕێزتان پشتیوانی هەوڵە مەدەنییەكانی كورد لە رۆژهەڵات و پارچەكانی دیكە بن. جەخت دەكەینەوە كە \" كەبوودوەند \" یەكێكە لە پێشەنگانی خەباتی ئاشتیخوازانە لە رۆژهەڵاتی كوردستان.
كەمپێنی پشتگیری لە كەبوودوەند
٢|٧|٢٠١٢