ئەمنیستی ئینترناشناڵ: ئێران زۆرترین ئاماری لەسێدارەدانی لە جیهاندا هەیە

15:26 - 14 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: ناوەندێکی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی بە نهێنی‌کاری لەمەر بەڕێوەبردنی حوکمی لەسێدارەدانەکاندا تۆمەتبار کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکخراوی زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکان حکوومەتی ئیسلامی لە ماوەی ساڵی رابردوودا لانیکەم ٧٤٣ کەسیان لە وڵاتی ئیراندا لەسێدارە داوە، کە تەنیا ٢٨٩ حاڵەتیان لە میدیا حکوومەتییەکانەوە بڵاو بوونەتەوە.

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی رۆژی ١٢ی خاکەلێوە ئەو راپۆرتەی بڵاو کردۆتەوەو رایگەیاندووە: بڕینەوەی حوکم و جێبەجێ کردنی ئەو حوکمە بە مەبەستی ترساندن و پێکهێنانی دۆخی ترس و تۆقاندن کاریگەرییەکی نییە و هیچ ئاماژەیەکیش بۆ تەئیدی ئەو شێوە تێروانینەی بەدی ناکرێ.

پاش وڵاتی ئێران، عەرەبستان لانیکەم ٩٠ حاڵەتی لەسێدارەدان، عێراق لانیکەم ٦١ حاڵەتی لەسێدارەدان و ئەمریکاش بە ٣٥ حاڵەتی لەسێدارەدانەوە لە پلەکانی دواتردا جێگەیان دەبێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە کە جێگەی شوورەییە کە هێندێک وڵاتی وەکوو ئێران و عێراق لە سێدارەدانی هاووڵاتییان بە ئامرازێک بۆ بەرنگاربوونەوەی تیرۆریزم لەقەڵەم ئەدەن.

لێبوردنی نیونەتەوەیی ژمارەی لەسێدارەدانەکانی لە ئاستی جیهاندا بۆ ساڵی ٢٠١٤ی زایینی ٢٤٦٦ حاڵەت راگەیاندبوو، کە بە بەراورد لەگەڵ ئاماری پێشووی ٥٤١ حاڵەت زیاتر بووە.

بەهۆی نهێنی ئەنجامدانی لەسێدارەدان لە وڵاتی چین، ژمارەی لەسێدارەدان لەو وڵاتەدا بۆ ساڵی ٢٠١٤ روون نییە و لەو راپۆرتەی ئەمساڵی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییدا ئاماژەیەکی پێنەکراوە.

خاڵی جێگەی سەرنجی راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ئەوەیە کە لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا ژمارەیەک لەو وڵاتانەی کە لەسێدارەدانی تێدا بەڕێوە دەچێت، لە ٤١ وڵاتەوە بۆ ٢٢ وڵات کەمی کردووە.