كەمتەرخەمی دەوڵەت، دەركردنی ٦٠ كرێكاری كارگەی \"چیپس\"ی ئیلام بەدوای خۆیدا هێنا

19:36 - 25 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: پشتیوانی نەكردنی بانكە دەوڵەتییەكان بووە هۆی ئەوەی كە كەرتە پیشەیی و بەرهەمهێنەرەكانی ئیلام كرێكاران جواب بكەن و شوێنەكانیان دابخەن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كارگە بەرهەمهێنەرەكان بە هۆی فشاری بانكە دەوڵەتییەكان سەبارەت بە دانەوەی قەرزەكانیان لەگەڵ قەیران بەرەوەڕوو بوونەتەوە و رۆژ لەگەڵ رۆژ رێژەی داخرانی كارگەكان لەئوستانی ئیلام روو لەزیاد بوون دەكات.

بەوتەی سەرپەرەستی كارگەیەكی چیپس لەئیلام، لەنێوان نرخەكاندا هیچ هاوئاهەنگێك نیە و ئەوەش تێكشكانی ئابووری، داخران و لاواز بوونی چالاكییە ئابوورییەكانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

حەسەن بەیگی وێڕای رەخنە لە نەبوونی هاوكاری و لەبەر چاو نەگرتنی دۆخی کەرتە پیشەییەکان لەلایەن بانكەكانەوە وتوویەتی: بە داخەوە بەرهەمهێنەران لەلایەن بانكەكانەوە پشتیوانیان لێ‌ ناكرێ‌.

بەیگی لەوتووێژ لەگەڵ ئیرنا باسی لەوەش كردووە، تەنانەت بە لابردنی ژمارەیەك لە گەمارۆكانیش هێشتاكە كێشەكان درێژەیان هەیە و دەوڵەتیش یارمەتییەكی ئەوتۆی ئوستانی ئیلام ناكات.

بە وتەی ئەو خاوەن كارخانەیە، هەتا ئێستا چەندین جار دەوڵەت دژایەتی سەبارەت بە دانی هەشت میلیارد ریاڵ قەرز بەمەبەستی دابین كردنی كەلوپەلەكانی ناو كارخانەكان كردووە.

بەیگی ئاشكراشی كردووە، ئەو فشارانە من و بنەماڵەكەمی وا لێكردووە بیر لە خۆكوژی بكەینەوە.

زیاتر لە ٦٠ كرێكار لە كارخانەی چیپسی نیكی ئیلام كارییان دەكرد و بە داخرانی كارگەكە ئەو كەسانە بێكار بوون.

ئوستانی ئیلام بەپێی ئامارە نیوە فەرمییەكان ٣٥ هەزار بێكاری هەیە و بەو پێیە پلەی حەوتەمی بێكاری لەناو ئوستانەكانی ئێراندا هەیە.

گەلاوێژی ئەمساڵ سەپەرەستی كارخانەی سەنایەعی زاگرۆس لەئیلام بە هۆی فشاری بانكەكان خۆی سووتاندبوو و دواتر لەنەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.