كەمتەرخەمیی پەرەستار/ مەرگی ژنانی دووگیان لە كوردستان بەردەوامە

19:19 - 22 سەرماوەز 2711
كوردپا: باردۆخی ژنانی دووگیان بە یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگاییەكی تەندرووست وساڵم دێتە ئەژمار، بەڵام رەوتی بێ‌كۆتایی گیان لەدەست دانی ژنانی دووگیان لە كوردستان هەروا بەردەوامە.

چەند رۆژ لەمەوبەر \"سانیە بالوود\" تەمەن 34 ساڵ و خەڵكی شاری مەریوان لە نەخۆشخانەی ئەو شارە لە ئەنجامی كەمتەرخەمیی و پێڕانەگەیشتنی لەلایەن كادرە دەرمانییەكانی ئەو نەخۆشخانەیەوە گیانی لەدەست داوە.

برای سانیە بالوود، بە هەواڵدەریی \"میهر\"ی راگەیاندووە،\"خوشكەكەم دوو كاتژمێر دوای منداڵ بوونی بە هۆی حوێنڕێژی و پێڕانەگەیشتنی لەلایەن پەرەستارەكانەوە گیانی لەدەست دا\"
.
لە وڵاتانی رۆژئاوادا گرینگییەكی تایبەت بە ژنانی دووگیان دەدەن و رێكخراوی بهداشتی جیهانی بەرنامەی تایبەتی بۆ كەم كردنەوەی ئەو حاڵەتانە هەیە و ئەمە لە حاڵێك دایە كەلە كوردستان سەرەڕای بوونی ئیمكاناتی پزشكی بەڵام رەوتی گیان لەدەست دانی ژنانی دووگیان بەردەوامە.

ناوەندەكانی پێوەندیدار هەتا ئێستا ئامارێكی راستیان لەمەڕ گیان لە دەست دانی ژنانی دووگیان بڵاو نەكردۆتەوە، بەڵام سەرچاوەیەكی ئاگادار رایگەیاندووە، لە سەرەتای ساڵەوە تەنیا لە شاری مەریوان 7 ژن گیانیان لە دەست داوە و لە سەرجەم پارێزگای كوردستانیش ئاماری گیان لە دەست دانی ژنانی دووگیان شەش مانگی رابردووە گەیشتۆتە 15 كەس.