ئەماکنی شاری بۆکان هەڕەشەی لە دوکاندارەکانی ئەو شارە کرد

21:32 - 21 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: ئەماکنی شاری بۆکان بە هاوکاری ناوەندی خەبەریی ئیتلاعاتی ئەو شارە، هەڕەشەی لە یەکیەتیی سێنفیی دوکاندارانی بۆکان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبە کوردییەکانی کوردستانی ئێران، بۆ مانگرتنی گشتیی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستان بە داخستنی دوکان و بازاڕەکانیان، بە دەم بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبە کوردییەکانەوە، چوون و مانگرتنی گشتییان لە کوردستان بەڕێوەبرد.

لەو پەیوەندییەدا، ئەماکنی شاری بۆکان بە هاوکاری ناوەندی خەبەریی ئەو شارە، هەرەشەی لە یەکیەتیی سێنفیی زێڕفرۆشانی ئەو شارە کردووە، کە دەبێ دوکان و بازارەکان بکرێنەوە.

لە نامەی ئەماکنی شاری بۆکان، بۆ یەکیەتیی سێنفیی دوکانداراندا هاتووە: بۆ پێشگرتن لە داخرانی دوکان و بازاڕەکان، لە هەر جۆرە هەوڵی نیزامیی و قەزایی لە لایەن ناوەندە پەیوەندییەدارەکانەوە، بۆ هەر چی زووتر کردنەوەی دوکانەکان کەمترخەمی نەکەن.

ئەماکنی شاری بۆکان بە یەکیەتیی زێڕفرۆشانی شاری بۆکانی ڕاگەیاندووە کە، لە ئەگەری نەکراونەوەی دوکان و بازاڕەکان، دوکانداران لەگەڵ دۆسیەی قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە و خۆیان بەرپرسیارن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی خەرمانان، شارەکانی بۆکان، سنە، سەقز، بانە، پاوە، نەغەدە، شنۆ، پیرانشار، مەریوان، کرماشان، و مەهاباد و چەندین شار و شارۆچکەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەکوو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە مووشەکباران کردنی مەقەڕەکانی حیزبی دێموکرات لە لایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەروەها لەسێدارەدانی لاوانی کورد، دووکاندار و کاسبکاران مانیان گرت.