كەلیموڵڵا تەوەحودی كتێبێكی نوێی بڵاو دەكاتەوە

16:57 - 8 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: كتێبی \"هەزار و یەك شەوی كورمانج\" بەرهەمی مامۆستا كەلیموڵڵا تەوەحودی نووسەر و مێژوونووسی كوردی خوراسان كە بەمزوانە چاپ و بڵاو دەبێتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كتێبی \"هەزار و یەك شەوی كورمانج\" ناوی كتێبێكی نوێی كەلیموڵڵا تەوەحودی نووسەر و مێژوونووسی ناوداری كوردی خوراسانە كە ئێستا لە قۆناغی چاپ و بڵاو كردەنەوە دایە.

ئەم كتێبە كە بەرهەمی چەندین ساڵ هەوڵ و تێكۆشان و توێژینەوەی \"مامۆستا تەوەحودی\"یە 9 تەوەری لەخۆ گرتووە كە بریتین لە:
ـ سۆز سووتانی ئەوین، بەرهەمی ئیبن غەریب، شاعێری كورمانجی دەورەی سەفەویە
ـ گوڵجان و مەردان، دڵدارانی كوێستان و عەشقی شكۆداری ناڵەی نەی
ـ فەلسەفەی ئاهەنگی \"دەرەگەز\" لە مۆسیقای كورمانجیدا
ـ هونەرنوێنی و شێعر خوێندنەوەی \"بەخشی\"یەكانی تورك و كورد لە سەردەمی ئەڵڵایارخان
ـ خاتوو پەری دەروونگەری، ئەستێرەی دەروشاوەی ئاسمانی مۆسیقای كورمانجی
ـ مەرجان، كچە كوردی چناران
ـ ئاهەنگی پەری جان، یادگارێك لە پەری كاویانلوو لە كۆتاییەكانی دەورەی قاجار
ـ خاتوو شیروانی، یان مەهبانوو
ـ كوور ئۆغڵی و حیماسە خوڵقێنی \"رەوشەن كورد جەلالی\" لە دەورەی شا عەباس لە مۆسیقای كورمانجی
\"5871.jpg\"
لە ساڵانی رابردوودا شەپۆلێكی بەربڵاو لە چالاكیی فەرهەنگی و ئەدەبی و نووسینەوەی مێژوو، داب و نەریت و مۆسیقا و هونەری كوردی لەناو كوردانی خوراسان دەستی پێكردووە.

بەپێی زانیارییەكان و بە وتەی چالاكانی فەرهەنگیی كوردی خوراسان ناوەندە حكوومەتیەكانی ئێران زۆر جار پێش بە چاپ و بڵاوكردنەوەی بەرهەمە كوردییەكانی ئەو دیارە دەگرن.

كەلیموڵڵا تەوەحودی نووسەری ناوداری كوردی خوراسان كە مامۆستای زانستگا بووە، لە وتنەوەی وانە لە ناوەندەكانی زانستگا بێبەش كراوە و ئێستا لە دۆخی خراپی ئابووریدا بەردەوامە لە كاری نووسین ولێكۆڵینەوە.

لە ماوەی ژیانیدا زۆر كتێب و نامیلكەی لە بواری مێژوو، زمان، ئەدەب و مۆسیقا و داب و نەریتی كوردانی خوراسان بە چاپ گەیاندووە و گرینگرتین كتێبی \"حەرەكەتی مێژوویی كورد بۆ خوراسان\"ە كە شەش بەرگە و چەند بەرگیشی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی.