ئەفسەرێکی ئەرتەشی خەڵکی شاری سەردەشت خۆی کوشت

16:22 - 30 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سەدەشت کە زانکۆی ئەفسەری تەواو کردبوو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی جۆزەردان، ئەفسەرێکی ئەرتەشی حکومەتی ئێران خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سەردەشت بە هۆی نەقڵکردنی بۆ شاری چابەهار سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان هەوڵی خۆکوژی دا.

\"\"هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت شوناسی ئەو ئەفسەرەی ئەرتەشی به \"ئاکام ئەسغەری\" کوڕی محەممەد خەڵکی گوندی \"بێزێلە\"ی شاری سەردەشت ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئاکام بە هۆی خواردنی ژەهرەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەو سەرچاوەیه هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە؛ نەقڵی ئەو ئەفسەرە کوردە بۆ شاری چابەهار بۆ ماوەی ٦ ساڵ بووە و ئەمەش بووەتە هۆی خۆکوژی ئەو پێرسۆنێلە نیزامییەی حکومەتی ئێران.

دەوترێ، ئاکام پاش هاتنە مورەخەسی دوێنی بەیانی دەستی داوەتە خۆکوژی.