ئەفسەرانی شەڕی نەرم لە کوردستان، شناسایی کران

18:53 - 9 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: تێمێکی چوار کەسیی سەربە بەسیجی راگەیاندنی ئوستانی کوردستان، کە بەڕێوەبەری پەیجێکی فەیسبووک بەناوی \"بەسیج راگەیاندنی کورد\" بوون و بە مەبەستی سووک کردنی چالاکانی کورد لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی تایبەت لەژێر ناوی \"بێ متمانەکردنی خەڵک بە چالاکانی کورد\" چالاکیی دەکرد، شناسایی کراون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چوار ئەندامی بەسیج لە شاری سنە، لە لاپەڕەیەکی فەیسبووک بە لۆگۆی بەسیجەوە، لە ماوەی زیاتر لە ٦ مانگی رابردوودا سەرقاڵی بێڕێزی کردن و تۆمەت وەپاڵدان بە چالاکانی فەرهەنگی، رۆژنامەنووسان و مافی مرۆڤی ئوستانی کوردستان بوون، کە بەهۆی بەدواداچوون و فشاری چالاکانی کورد لەو ئوستانە، شناسایی کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ بەرپرسی بەسیجی راگەیاندن لە ئوستانی کوردستان، بەهۆی بەدواداچوونی بەردەوامی چالاکانی کورد رایگەیاندووە: ئەو چوار کەسە شناسایی کراون و لە ماوەی داهاتوودا رادەستی دادگا دەکرێن.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو چوار کەسە، کە سووکایەتییان بە چالاکانی کورد دەکرد، دەستێوەردانیان لە بیاڤی شەخسیی چالانی کورد-دا دەکرد و بە شێوەی بەردەوام نووسراوەیان لەسەر چالاکانی سیاسی، مافی مرۆڤ، فەرهەنگی و رۆژنامەنووسیی کورد بڵاو دەکردەوە.

محەمەد رەزا قاسمی، \"بەرپرسی بەسیجی راگەیاندن\" بە چالاکانی کوردی شاری سنەی راگەیاندووە، \"بەهۆی هێندێک بەرژەوەندیی تایبەتەوە (مصلحت خاص) ناتوانین ناوەکانیان ئاشکرا بکەین، بەڵام ئەگەر دادگا ئەو چوار کەسەی مەحکووم کرد، ناوەکانیان ئاشکرا دەکەین.

\"23364.jpg\"
محەمەد رەزا قاسمی، گوتوویەتی ئەو چوار کەسە ئەندامی بەسیجی راگەیاندنی کوردستان بوون.

لەلایەکی دیکەوە، دوو رۆژ پێش ئێستا پێنج کەس لە هەواڵنێرانی بەسیجیی میدیا حکوومەتییەکان، کە بە گوتەی هەمزە فەلاح جێگری فەرماندەی سوپای بەیتولموقەدەس بەشداریی چالاکانەیان بەدژی شەڕی نەرمی \"دژە شۆڕش\"دا کردووە، لە رێوڕەسمێکدا خەڵات کران.

هەواڵدەریی تەسنیم ناوی ئەو هەواڵنێرە بەسیجییانەی فەرزاد نەویدی و ئومید بەهمەنی – هەواڵنێری هەواڵدەریی ئیرنا (ماڵپەڕی رەسمیی حکوومەتی ئیسلامی)، خەبات ساعیدی – هەواڵنێری هەوالدەریی \"فارس\"ی سەربە سوپای پاسداران، کەیوان قاسمی و رووناک کەنعانیان هەوالنێری رۆژنامەی \"همشهری\"(هاووڵاتی)، راگەیاندووە، کە هەموویان کورد بوون.

سەرچاوەیەک بۆ هەواڵنێری کوردپای ئاشکرا کردووە، ئەو پێنج کەسە بەڕێوەبەری کۆمەڵێک سایت و ڤێبلاگی تایبەتین، کە لە چوارچێوەی سیاسەتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتدا دژبە حیزبە کوردییەکان وتار دەنووسن و بە وردی چاودێری و شڕۆڤەی ناوەرۆکی گۆڤار، رۆژنامە و حەفتەنامە کوردییەکانی ناوخۆ دەکەن و راپۆرتەکەی ئەدەنەوە بە بەشی فەرهەنگی و ئەمنیەتیی وەزارەتی ئیتلاعات و سوپای پاسداران.

ئەم کەسانە، کە بە (ئەفسرانی شەڕی نەرم و بەسیجی راگەیاندن) لە کوردستان ناسراون، بە گوتەی جێگری فەرماندەی سوپای بەیتولموقەدەسی کوردستان، رۆڵێکی بەرچاویان لە شەڕی نەرم بەدژی میدیای دژە شۆڕشدا بینیوە.

دژە شۆڕش (ضد انقلاب) لە ئەدەبیاتی سیاسیی لێپرسراوانی حکوومەتیی ئیسلامیی ئێراندا بە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەگوترێ.