ئەفسانە بایزیدی پاش ٤٥ رۆژ لە دەستبەسەرکرانی، چارەنووسی ناڕوونە

21:07 - 21 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: کچە خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، کە ماوەی ٤٥ رۆژە لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە، هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکان، کە رێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ ئەفسانە بایزیدی، تەمەن ٢٨ ساڵ و کچی ئەبووبەکریان بۆ دووەمین جار دەستبەسەر کرد، هەتا ئێستا ئەو کچە خوێندکارەیان ئازاد نەکردووەو لە دەستبەسەریدا هێشتوویانەتەوە.

بە گوتەی سەرچاویەکی ئاگادار لە شاری بۆکان، ناڕوونیی چارەنووسی ئەفسانە بایزیدی نیگەرانییەکی یەکجار زۆری لای بنەماڵە و کەسوکاری ئەو کچە خوێندکارە دروست کردووەو دایکی ئەفسانە چەندین جار باری تەندروستیی تێکچووە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

\"21401.jpg\"
چارەنووسی ئەفسانە بایزیدی هەتا ئێستا ناڕوونە
ئەفسانە بایزیدی، کە لەلایەن (خاهەرانی زەینەبە)ی زانکۆی پەیام‌نووری مەراغەوە سووکایەتی پێکرابوو، بەهۆی دەمەقاڵە لەگەڵ ئەو کچانە، لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو.

رێکەوتی ٦ی گەلاوێژی ئەمساڵ ئامینە دەروێشی، دایکی ئەفسانە بایزیدی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کچەکەی بۆ ماوەی ٥ کاتژمێر لە بەردەم ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان چاوەڕوانیی وڵامی کردبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەیکە ولامی پێنەدرابوویەوە، لەلایەن مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە بەرەوڕووی جوێن و سووکایەتی ببوویەوە.

ئەفسانە بایزیدی خەزەڵوەری ساڵی رابردووش دەستبەسەر و دواتر بە دانانی ١٠٠ ملوێن بارمتە لە زیندان ئازاد کرا، کە سەرئەنجام رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، حوکمی ٢ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی بۆ برایەوەو دواتریش بۆ درێژەدان بە خوێندن بۆ زانکۆی پەیام‌نووری مەراغە دوور خرایەوە.