ئەسکەندەر لوتفی لە زیندانی تارانی گەورە لێی دراوە

16:59 - 6 سەرماوەز 2722

ئەسکەندەر لوتفی، وتەبێژی شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، لە زیندانی تارانی گەورە، لەلایەن لێپرسەکانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

زانیار لوتفی برای ئەسکەندەر لە لاپەڕەی تویتێری خۆی ڕایگەیاندووە کە ئەسکەندەر لوتفی کاتێک لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین بۆ زیندانی تارانی گەورە ڕاگوێزراوە، هەوڵی داوە یارمەتیی زیندانییە لاوەکان بدات کە لە باری ڕۆحی و فیزیکییەوە ئازاریان دیتووە، بەو هۆیەوە لێپرسەکان دەستیان بە ئەشکەنجەکردنی ئەسکەندەر کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خەزەڵوەر، بڕیاری دەسبەسەریی کاتیی ئەو چالاکە سێنفییە، پاش ٣٠ ڕۆژ درێژ کراوەتەوە و دواتر لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە ڕاگوێزرا.

ڕۆژی شەممە ١٦ ڕەزبەر، ئەسکەندەر لوتفی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەزبەر، ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا و بڕیاری دووبارە دەسبەسەرکردنی لەلایەن لێپرسی لقی ٢ی دادسەرای ٣٣ی شاری تاران، دەرکرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی گەلاوێژ، ئەسکەندەر لوتفی پاش ١٠٨ ڕۆژ لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی، لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرابوو.