ئەسپی کاسبکاران بە پارە دەدرێتەوە

15:24 - 1 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، جێگیر لە پاسگای سێلوێ کە دەستیان بە سەر ١٣٠ سەر ئەسپی کاسبکاران گرتبوو، لە بەرانبەر دانی پارە، ئەسپەکانیان بە خاوەنەکانیان دایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەز، ١٣٠ی ئەسپی کاسبکارانی کوردی خەڵکی گوندی \"گردەسوور\" و دەروبەری کە لە لایەن هێزەکانی پاسگای \"سێلوێ\"ی شاری پیرانشار دەستیان بە سەردا گیرابوو، بۆ دانەوەی هەر ئەسپێک بڕی \"١ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار تمەن\" لە خاوەنەکانیان وەرگیراوە.

هاووڵاتییەکی گوندی گردەسوور لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئینتزامییەکان دوو ڕۆژ پێش، هێرشیان کردە سەر گوندی گردەسوور و٦٥ سەر ئەسپی کاسبکارانیان لەگەڵ خۆیان برد؛ پاش دوو ڕۆژ ڕاگرتنی ئەسپەکان لە پاسگای سێلوێ بەبێ ئالیک، بۆ دانەوەی هەر ئەسپێک بڕی ١ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار تمەن لە خاوەنەکانیان وەرگرت.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەسپی کاسبکاران، ١٣٠ سەر بوون و لە دوو جاردا هێزە ئینتزامییەکان دەستیان بە سەردا گرتووە.