ئەستاندنی پارە لە قوتابیانی ناوچەی پیرانشار بۆ دابین کردنی سووتەمەنی

14:58 - 9 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی ئەستاندنی پارە لە قوتابیان بۆ دابین کردنی سووتەمەنیی وەرزی زستان، قوتابیانی ناوچەی پیرانشاریش داوای پارەیان لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ بەرپرسانی قوتابخانە سەرەتاییەکانی ناوچەی پیرانشار بە قوتابیانیان راگەیاندووە کە دەبێ هەر قوتابییەک بڕی ٣٠ هەزار تمەن پارە بۆ دابین کردنی سووتەمەنی بە قوتابخانە بدات.

نەبوونی سووتەمەنی لە قوتابخانەکان لە وەرزی زستاندا گەیشتۆتە ئاستێک کە چەند رۆژ پێش ئێستا جێگیری بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری کامیاران بە هەواڵدەریی \"فارس\"ی راگەیاندبوو، لە ئێستادا بەشێک لەقوتابخانەکانی ناوچەی کامیاران لەگەڵ کەمیی سووتەمەنی و کەلوپەلی گەرمایی بەرەوڕوون و لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما قوتابیان بەرەوڕووی گرفت دەبنەوە.

ساڵی رابردووش لە حاڵێکدا قوتابخانەی چەند گوندێکی ناوچەی هەورامانی تەخت بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی لە وەرزی زستاندا بەرەوڕووی داخران بوونەوە، کە پێشتریش بڕە پارەیەکیان بۆ دابین کردنی سووتەمەنیی لە قوتابیان وەرگرتبوو.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسی قوتابخانەی گوندی ولەژێری ناوچەی مەریوان بە قوتابیانی ئەو گوندەی راگەیاندووە، کە دەبێ تێچووی نوێژەن کردنەوەی قوتابخانەی ئەو گوندە لەلایەن قوتابیانەوە دابین بکرێت.

قوتابخانەی ئەو گوندە بۆ نوێژەن کردنەوە پێویستی بە ٣ ملیۆن تمەن پارە هەبووە، بەڵام وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دانی ئەو بڕە پارەیە خۆی بواردووە.