ئەستاندنی پارەی زۆرەملی لە قوتابییانی ناوچەکانی سنە و مەهاباد

14:28 - 30 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی قوتابخانەی شارۆچکەی \"حەسەن‌ئاوا\"ی سەربە شاری سنە، بۆ دابین کردنی سووتەمەنیی وەرزی زستان پارە لە قوتابیانی ئەستێنن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لەرۆژانی رابردوودا بەرپرسانی قوتابخانەی \"راه دانش٢\" لە شارۆچکەی حەسەن‌ئاوای سنە، بە قوتابیانیان راگەیاندووە کە پیویستە هەر قوتابییەک بڕی ٣٠ هەتا ٥٠ هەزار تمەن بە قوتابخانە بدات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسی ئەو قوتابخانەیە هۆکاری ئەستاندنی ئەو پارەیان بۆ دابین کردنی پارەی گاز، ئاو و برق گەڕاندۆتەوە، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە بە پێی راگەیەندراوی مافی قوتابیان، دابین کردنی سەرجەم پێداویستی و ئیمکاناتی قوتابخانەکان دەبێ لە ئەستۆی وەزارەتی پەروەردە بێت.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، زۆربەی بنەماڵەی قوتابیان لە چینی دەستکورت و کەم داهاتی ئەو گوندەن و تەنانەت بۆ دابین کردنی ئەو بڕە پارەیە بەرەوڕووی گرفت دەبنەوە.

لەلایەکی دیکەوە بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسی قوتابخانەی گوندی \"دریاس\"ی سەربە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، بە بیانووی یارمەتی کۆ کردنەوە بۆ قوتابخانە، داوای ٥٠ هەزار تمەنیان پارە لە هەر قوتابییەکی ئەو گوندە کردووە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا وەرگرتنی پارە لە قوتابیان بە شێوەیەکی بەرین لە قوتابخانەکانی ئیران بە تایبەت لە قوتابخانەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە ئارادا بووە و تەنانەت لە زۆربەی شوێنەکانیش، قوتابیان بۆ خۆیان سووتەمەنیان لەگەڵ خۆیاندا بۆ قوتابخانەکان بردووە.

هەروەها ساڵی رابردوو قوتابخانەکانی گوندی \"دەرەکی\" و \"سەیدی هەورامی\" لە ناوچەی هەورامانی تەخت سەربە شاری سەوڵاوا لەوەرزی زستاندا بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی بەرەوڕووی داخران بوونەوە، ئەوەش لە حاڵێکدا بوو کە پێشتر بڕی ١٠٠ هەزار تمەنیان لە هەر قوتابییەک بۆ دابین کردنی سووتەمەنی وەرگرتبوو.