ئەزیەت و ئازاردانی سیستماتیکی زیندانییەکی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی شاری ورمێ

15:00 - 1 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدام، لە لایەن زیندانییانەوە بە فەرمانی حەفازەتی زیندانی ورمێ ئەزیەت و ئازار دەدرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ئەرسەلان خودکام\" زیندانیی سیاسیی کورد، کە لە کۆتایییەکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا، لە لایەن لقی ١ی دادگای نیزامی ورمێ بە تۆمەتی \"هەوڵدان بە دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی سیخوڕیکردنی بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەت\" بە ئێعدام مەحکووم کراوە و بە فەرمانی حەفازەتی زیندانی شاری ورمێ لە لایەن زیندانییانی ئاسایییەوە ئازار و ئەزیەت دەدرێت.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، لە دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردوەتەوە.

ئەرسەلان خودکام، بانەمەڕی ئەمساڵ لە شاری شنۆ، لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتەوە دەسبەسەرکرا و دوای سێ مانگ لێکۆڵینەوە لە زیندانی ناوەندە ئیتڵاعاتییەکانی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزرا و لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە بەندی ٣-٤ی ئەم زیندانەدا زیندانی کراوە.

شەش دانیشتنی دادگای ئەم زیندانییە کوردە، لە دادگای ئینقلابی ورمێدا بەڕێوە چووە و دواتر دۆسییەکەی بۆ لقی ٣٢ی دادگای نیزامی ورمێ نێردراوە، ئەم دادگا نیزامییە ناوبراوی بە تۆمەتی \"هەوڵدان بەدژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی سیخوڕیکردن بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

ئەم زیندانییە تەمەن ٤٧ ساڵە خەڵکی مەهابادە و ٢٢ ساڵ پێش بۆ ماوەی یەکساڵ ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە و دوای وازهێنانی تەواوەتی لەم حیزبە گەڕاوەتەوە شاری مەهاباد و نزیک بە ١٦ ساڵ ئەندامی سپای پاسداران بووە.

ئەرسەلان خودکام، لە ماوەی دادگاییکردنەکەیدا لە گرتنی پارێزەر بێبەری بووە و سپای پاسداران ناوبراوی بە ناردنی بەڵگەنامەی سپا بۆ حیزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان تۆمەتبار کردووە.