ئەرەستوو مەلاڕەحیمی بە دانانی بارمتە لە زیندانی مەهاباد ئازاد کرا
23:09 - 11 رێبەندان 2720
ئەمڕۆ شەممە ۱۱ی ڕێبەندان، "ئەرەستوو مەلاڕەحیمی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەهاباد، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.
ئەو چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندان، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەسبەسەر کرابوو.
ئەو چالاکە مەدەنییە، پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرابوو.
هێزە ئەمنییەتییەکان، ئەرەستوو مەلاڕەحیمییان پاش بڵاوکردنەوەی وتارێک لەبارەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بانگهێشت و دەسبەسەریان کردبوو.
ئەو چالاکە مەدەنییە، لە ناوەندی یاریدەدەرانی مەهاباد و کەمپەینە خەڵکییەکان لەو شارەدا، لە یارمەتیدان بۆ خەڵکی لافاولێدراوی لوڕستان و هەروەها بوومەلەرزەلێدراوانی کۆتۆل و کرماشان ڕۆڵی کارا و چالاکی گێڕاوە.