ئەرەستوو مەلاڕەحیمی بانگهێشتی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری مەهاباد کرا
لقی ٢ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی مەهاباد "ئەرەستوو (ڕەسووڵ) مەلاڕەحیمی"، چالاکی مەدەنی خەڵکی ئەو شارەی بانگهێشت کرد.
ئەو چالاکە مەدەنییە بەپێی ئەو بانگهێشتنامەیە کە ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕێبەندان وەریگرتووە، دەبێ پێنج ڕۆژ پاش وەرگرتنی ئەو بانگهێشتنامەیە لە "سامانە ابلاغ" لە دادگا ئامادە بێت.
دادگا ئەو چالاکە مەدنییەی بە تۆمەتی "چالاکی پڕوپاگەندە دژی نیزام" بانگهێشت کردووە.
ڕۆژی شەممە ۱۱ی ڕێبەندان، "ئەرەستوو مەلاڕەحیمی"، بە دانانی بارمتە لە زیندانی مەهاباد ئازاد کرا.
ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندان، ئەو چالاکە مەدەنییە پاش بانگهێشتکردنی بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد، دەسبەسەر کرابوو.
ئەو چالاکە مەدەنییە، پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرابوو.
هێزە ئەمنییەتییەکان، ئەرەستوو مەلاڕەحیمییان پاش بڵاوکردنەوەی وتارێک لەبارەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بانگهێشت و دەسبەسەریان کردبوو.
ئەو چالاکە مەدەنییە، لە ناوەندی یاریدەدەرانی مەهاباد و کەمپەینە خەڵکییەکان لەو شارەدا، لە یارمەتیدان بۆ خەڵکی لافاولێدراوی لوڕستان و هەروەها بوومەلەرزەلێدراوانی کۆتۆل و کرماشان ڕۆڵی کارا و چالاکی گێڕاوە.