ئەدبیاتی کوردیی منداڵان، لە سمیناریکدا لە شاری بۆکان، تاوتوێ کرا+وتووێژ

17:00 - 29 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: بە بەشداریی شاعیران و چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبیی کورد، سمینارێکی تایبەتی لەسەر ئەدەبیاتی کوردیی منداڵان لەژێر ناوی \"تاوتوێ و لێکدانەوەی ئەدەبیاتی منداڵان لە رۆژئاوای ئێران\" لە شاری بۆکان بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سمیناری \"تاوتوێ و لێکدانەوەی ئەدەبیاتی منداڵان لە رۆژئاوا باکووری رۆژئاوای ئێران\" کە بۆ یەکەمین جار بوو لە شاری بۆکان بەڕێوە دەچێت، لەسەر پێشنیاری (مستەفا ئیلخانی‌زادە)، بەرپرسی کۆڕی فەرهەنگی و فێرکاریی ئەدەب لە شاری بۆکان، بەڕێوەچووە.

لەو سمینارەدا، کە چالاکانی فەرهەنگیی کورد لە شارەکانی، مەهاباد، سەقز، بۆکان و سەردەشتەوە بەشدارییان تێدا کردبوو، چەند کەس لە چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبیی کوردستان، وەکوو (یوونس رەزایی، پرشنگ ئیلخانی‌زادە، سەلاحەدین خزرنژاد، دیانا مورادیان لە ئیلام، شەرارە ئیلهامی)، بە دوو زمانی کوردی و فارسی، وتاریان لەسەر ئەدەبیاتی منداڵان و خەسارناسیی ئەدەبیاتی منداڵان، پێشکەش کرد.

\"26090.jpg\"
مستەفا ئیلخانی‌زادە، نووسەری ناسراوی کوردی خەڵکی بۆکان
مستەفا ئیلخانی‌زادە، لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو سمینارە لەسەر ئەدەبیاتی کوردیی منداڵان بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەیکە هێندیک شتی وەکوو \"رۆڵی زمان و شێوازی دەربڕین لە ئەدەبیاتی منداڵان و میرمنداڵاندا، خەسارناسیی و بەکارهینانی شێوازی ئەدەبیاتی جادوویی بۆ منداڵان، خەساری گەورە ساڵی لە زماندا) لە ئەدەبیاتی منداڵاندا گشتییە، بۆیە ناوی سمینارەکە ناوی \"تاوتوێ و لێکدانەوەی ئەدەبیاتی منداڵان لە رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای ئێران\"ی بۆ دیاری کرا.

بەرپرسی کۆڕی فەرهەنگی و فێرکاریی ئەدەب وێڕای ئاماژە کردن بەوەیکە ئەو سمینارە تایبەت بە ئەدبی کوردیی منداڵان بووە، گوتیشی: \" بەشداران رەخنەیان لە نەبوونی بودجە و ئیمکانات بۆ کاری فەرهەنگی و ئەدەبیات و پەرەپێدانی ئەدەبیاتی منداڵان گرت و خوازیاری دابین کردنی بودجەی تایبەت بۆ بیاڤی فەرهەنگی وئەدەبی منداڵان بوون\".

ئیلخانی‌زادە سەبارەت بە چالاکیی کۆری فەرهەنگی و فێرکاریی ئەدەب لە داهاتوودا، رایگەیاند: \"بڕیارە لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لەگەڵ چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبیی گیلەکی، سمینارێکی هاوبەش لە سەر شێعر و کورتە چیرۆکی کوردی و گیلەکی بۆماوەی دوو رۆژ لە شاری بۆکان بەڕێوە ببەین\".

ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردە، هۆکاری بەڕێوەبردنی ئەو سمینارە هاوبەشەی لەگەڵ چالاکانی گیلەکیدا بۆ نزیکایەتیی زمانی کوردی و گیلەکی بە بەراورد لەگەڵ زمانەکانی دیکەی ئێراندا گەڕاندەوە و رایگەیاند: \"لەگەڵ ئەوەیکە زمانی کوردی و گیلەکی لە یەک شاخەدان، لە بواری فەرهەنگی، داب و نەریت و میوانداریەتیشەوە ئێجگار لێک نزیکن و لە بواری زمانیشەوە لە یەک شاخەدان\".

\"26084.jpg\"

\"26086.jpg\"

\"26085.jpg\"